
کەشناسیی هەرێمی رایگەیاند، ئەمڕۆ سبەی تاوەباران دەبێت و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە و خێرایی با زیاد دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینیی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی ئایاری 2024، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی ناوبەناوی پچڕپچڕ کە هەندێکجار بۆ تاوەباران و بروسکە دەگۆڕێت و رێژەی دابارین لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە 14ـی ئایاری 2024، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت لەگەڵ دابارین بەشیوەی نمەباران و تاوەباران و هەورەبروسکە، سەرەتا لە کاتەکانی بەیانی لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور پاشان بۆ ناوچەکانی تری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی پچڕپچ درێژدەبێتەوە لەکاتەکانی شەو ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە.



