کورسیی پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە

دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن بڕیاریدا پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابندرێت
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە چوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.
بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:
1. هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).
2. سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).
3. دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.