رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرا کرا

ئەمڕۆ هەینی 6/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد. 
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوه‌ندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاووتوێ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژوەنديی هاوبەش.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.

دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکان بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.

لەدوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا  بە ناوی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان “بە خێرهاتنێکی گەرمی” سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ بەغدا و هەولێر کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، هەردوولا باسیان لە “کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە”ـیان کردووە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە “لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە”.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button