مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ ی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هانس ساندی، باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد؛ کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوولایەنە. هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی هۆڵەندا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد كە ڕێژەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا دووهێندە زیاتر بووە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.