
بەفەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی “گۆپتەپە”ی چەمچەماڵ، بە گوژمەی 78 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
ئەمرۆ دووشەممە، 24/6/2024 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە بۆ ئیمزاکردنی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ و گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
وەزیری شارەوانی گوتیشی، “ئیمزاکردنی گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوەیە بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕاستەوخۆ دەکرێت، ساڵانێکی زۆرە چەمچەماڵ و دەوروبەری بەدەست گرفتی کەم ئاوییەوە گرفتارن؛ ئەو چاوەڕوانییەی خەڵکی چەمچەماڵ لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە زووترین کات و بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت”.
ئەو وەزیرە دەڵێت: “بەڕێنمایی و فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتگیری و خەمخۆری ئەوان بۆ خەڵکی چەمچەماڵ بڕیاری لێ دراوە، ئەو پرۆژەیەش دەچێتە سەر کارەکانی دیکەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان”.
دەشڵێت، “ئەمرۆ گرێبەستەکە ئیمزا دەکەین و ڕاستەوخۆ دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکە بەناوی “پڕۆژەی دیزاین کردن و جێبەجێکردن و کار پێکردنی ئاوی گۆپتەپە”ـی چەمچەماڵە، لەلایەن کۆمپانیایەکی جێبەجێکار دەکرێت و گوژمەی پڕۆژەکەش بریتییە لە؛ 78 ملیۆن دۆلار، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەکە بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە”.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: “ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە 730 ڕۆژی ڕۆژمێرییە، بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو ماوەیە کورتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی زووتر خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری سوودمەندبن لێی”.



