
عەتا سەراوی، سەركردەی پێشووی یەکێتی، کە بەردەوام ڕووبەڕووی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نوێ دەبووەوە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەسیگیر کرا.
سەرەتای چیرۆکەکە بەمشێوەیە بوو: ڕۆژی 19 نیسان کە عەتا سەراوی بەڕێگاوە دەبێت بۆ گەڕەکی قولەرەیسی، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێی دەگوترێت مەترسیی لەسەر ژیانیەتی و دەستبەجێ لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزێت. سەراویش کە وادەزانێت لە ڕێگەی قەنناسەوە دەیپێکن، لەبەردەم چێشتخانەیەکی سەرچنار ئۆتۆمبێلەکەی ڕادەگرێت و دەچێتە نێو خەڵک، کەچی دوای چەند مەترێک دوورکەوتنەوە ئۆتۆمبێلەکەی دەتەقێتەوە. دوای ڕووداوەکە سەراوی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەڵێت “ئەمە پلان بووە بۆ کوشتنم”.
لەسەر ئەم ڕووداوە عەتا سەراوی ڕەخنەی تووندی لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و یەکێتی نوێ گرت، کە لە ڕێگەی پێدانی پۆست و پارە هەوڵی بێدەنگکردنی دەدەن، بەڵام ئەو بێدەنگ نابێت. دواتر پێشنیازی چوونە دەرەوەی و پێدانی 300 هەزار دۆلاری بۆ دەکەن تاوەکو بێدەنگ بێت. دواجار سەراوی لەژێر فشارو هەڕەشەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەچێتە شاری مالمۆی سوید.
دوای ئەوەی عەتا سەراوی لە سویدیش بێدەنگ نابێت، بۆ بێدەنگکردن و کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە پێشنیازی چوار ملیۆن دۆلاری بۆ دەکەن و ئەویش دوای دوو ڕۆژ لە سویدەوە دەگەڕێتەوە سلێمانی و دەچێتە شارەزوور و چاوەڕێی سوڵح و پارەکە دەکات، بەڵام دەزانێت کە سکاڵا لە دژی تۆمار کراوە.
دوای ئەوەی عەتا سەراوی هەست بەو مەترسییە دەکات، کەسوکارەکەی ئاگادار دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە سوید، بۆیە بە دوو ئۆتۆمبێلی پاسەوان و ئامۆزاکانی دەچێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەڵام لەوێ بە تۆمەتی “پلانداڕشتنی سیناریۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی”، دەستگیر دەکرێت. سەراوی لە زیندان، ڕوونکردنەوەیەک لە فەیسبووکەکەی بڵاو دەکاتەوە و جارێکی دیکە هەڕەشە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەکات و داوای ڕوونکردنەوەیان لێدەکات و دەنووسێت: “ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازر کراوە و بۆم دادەتاشن، تکایە ئەوە ئێمە و ئەوەش ئێوە و ئەو ئەڵقە لەگوێیانەی لە پشتی ئێوە پەلاماری ئێمە دەدەن. کێ لەپشت ئەم بێڕێزیە بێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێت، دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسی لە پشت ئەم شانۆگەرییەتانەوەیە، دڵنیا بن پلاندانەر خۆی دەسووتێت”.
ژێدەر
ئاڤا



