
مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ئەمشەو بەشی یەکەمی بڵاوکرایەوە، گوێ لە داخوازی و داواکاری و کێشەکانیان دەگرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە.
لە پێشەکی قسەکانیشیدا ئامادەیی نیشان دەدات پێکەوە “گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت” بکەن.
یەکێک لە ئامادەبووانی گفتوگۆکە پرسیاری لەبارەی پرۆژەی هەژماری من و ئەو دەنگۆیانە کرد کە لەبارەی پرۆژەکەوە دەکرێن و بە دیاریکراویش ناوی سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی هێنا کە گوتوویەتی “هەژماری من هەمووی فێڵ و تەڵەکەیە”، لە وەڵامدا پرسیاری ئەو هاونیشتمانییە سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: ڕەنگە مامۆستا عەرەبی باشتر تێبگات، بۆیە وەڵامەکەی بە ئایەتێکی قورئان دەدەمەوە ” إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ ” هەندێک گومان گوناهە، ئەگەر پێیوابێت فێڵکاری هەیە، ئەمە گومانێکە خۆی دەیکات کە ڕاست نییە”.
هەر لەبارەی هەژماری من، سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: هەژماری من پرۆژەیەکە، تەنیا و تەنیا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروستکراوە. ئەوانەی دژایەتی هەژماری من دەکەن، یان تێبینیان لەسەر هەژماری من هەیە، یان ئەوەیە لێی نازانن، یان ئەوەیە بۆ مەرامێکی سیاسیی دژایەتی دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “هەژماری من نە پرۆژەیەکی کەسییە نە حیزبییە، تەنیا شتێکە کە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە. ئەو فەرمانبەرەی کە مووچە وەردەگرێت تەنیا ئەمجارە لە حکومەت مووچەکەی وردەگرێت، نە لە بەرپرسێکی سیاسی، نە سەربازی، کەس ناتوانێت مەترسی لەسەر مووچەکەی دروست بکات. هاووڵاتی دەبێتە خاوەن ئیرادە و هەژماری بانکی خۆی، سوود لە 19 خزمەتگوزاری بانکی وەردەگرێت، هاووڵاتی دەتوانێت قەرز وەرگرێت، وەک هەموو کەسێکی دونیا دەتوانێت بە کارتی بانکی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پارەکەی خەرج بکات. هاووڵاتییانیش دەتوانن وەک فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من هەژماری بانکی بکەنەوە”.



