لەماوەی کاتژمێرێکدا لە کەرکوک تەقە لە هەردوو بارەگای پارتی و یەکێتی کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 02:18. دەستڕێژی گولـلە لە بارەگایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و محەممەد عوسمان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک گوتی: “دوای رووداوەکە چووینە ئەو شوێنەی تەقەی لێوە کرابوو. ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ لە شۆستەکەی داوە و تێکچووە و جێهێڵدراوە، کە پێدەچێت تەقەکەرەکان بەکاریان هێنابێت.”
گوتیشی، “هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بەگوێرەی ئەزموونمان، گوللـەکان گوللـەی کڵاشینکۆڤ نین و گەورەترن”.
هەر ئەمڕۆ و نزیک کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیان، تەقە لە بارەگای لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کرا و لەمبارەیەوە ئارام جەباری، کارگێری لقەکە گوتی، “لە پشتی بارەگای لقەوە دەستڕێژ لە بارەگاکە کرا و پاسەوانەکانیش دەستبەجێ وەڵامیان دایەوە. تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی نەبووە.”
شایەنی باسە، تاوەکو ئێستا پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو رووداوانەوە بڵاونەکردووەتەوە.