بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسیی سەنتەرێکی کۆلێژی یاسای دهۆک، پارتی یەکەم و یەکێتی دووەم دەبێت.
راپرسییەکە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی یاسایی و رامیاری لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دهۆک بە هاوکاری رێکخراوی (ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی) ئەنجام دراوە و 3 هەزار و 643 فۆرم بەسەر هاونیشتمانیان لە شار و شارۆچکەکان دابەشکراون.
بەگوێرەی راپرسییەکە، پارتی لە پەرلەمانی داهاتوویشدا وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە و دوای ئەویش یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، بەرەی گەل، گۆڕان، کۆمەڵ، هەڵوێستی نیشتمانی، بزووتنەوەی ئیسلامی، بەرەی نیشتمانی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکان، هاوپەیمانیی سەردەم لەدوای یەک دێن.
لە فۆرمەکەدا کۆمەڵێک پرسیار کراون. بەشێکی هاونیشتمانیان وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان نەداوەتەوە؛ بەشێکیش لە هەندێک لە پرسیارەکاندا مافی ئەوەیان هەبووە زیاتر لە بژاردەیەک هەڵبژێرن.
یەکێک لە پرسیارەکان لە 3 هەزار و 28 کەس کراوە و دەڵێت: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگ بە کام حیزب دەدەیت؟ وەڵامەکە بەم شێوەیە بووە:
پارتی دیموکراتی کوردستان؛ 1378 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ 433 دەنگ
نەوەی نوێ؛ 295 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان؛ 145 دەنگ
بەربژێرانی سەربەخۆ؛ 106 دەنگ
بەرەی گەل؛ 93 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان؛ 72 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان؛ 61 دەنگ
هەڵوێستی نیشتمانی؛ 46 دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامی؛ 17 دەنگ
بەرەی نیشتمانی؛ 16 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان؛ 13 دەنگ
بەربژێرانی پێکهاتەکان؛ 11 دەنگ
هاوپەیمانیی سەردەم؛ 9 دەنگ
بێ وەڵام؛ 333 دەنگ
یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان کە بەشداربوو مافی هەبووە زیاتر لە وەڵامێک هەڵبژێرێت، دەڵێت: لەسەر چ بنەمایەک بەربژێر هەڵدەبژێریت؟
وەڵامەکە بەم شێوەیە بووە:
دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری؛ 2033 دەنگ
لێهاتوویی و ئاستی زانستی؛ 1494 دەنگ
باوەڕ و دینداری؛ 1047 دەنگ
خزمایەتی و عەشیرەت؛ 621 دەنگ
دەرکەوتن لە دەزگاکانی راگەیاندن؛ 478 دەنگ
حیزبایەتی؛ 797 دەنگ
بەربژێر یان بنەماڵەکەی مێژووی تێکۆشانیان هەبێت؛ 591 دەنگ
رەگەز (نێر یان مێ)؛ 174 دەنگ
بابەتی دیکە؛ 31 دەنگ
بێ وەڵام؛ 96 دەنگ
هەروەها پرسیاری “ئایا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەیت” لە 3 هەزار و 643 کەس کراوە و وەڵامەکەی بەم شێوەیە بووە:
بەڵێ؛ 2317 دەنگ
نەخێر؛ 615 دەنگ
نازانم؛ 644 دەنگ
بێ وەڵام؛ 67 دەنگ
بە بڕوای تۆ، “دەسەڵاتی داهاتووی هەرێمی کوردستان گرنگی بە چی بدات”؟ ئەمەش ئەو پرسیارەیە لە راپرسییەکەدا کراوە و بەشداربوو مافی زیاتر لە هەڵبژاردنی خاڵێکی هەبووە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە:
چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا؛ 2678 دەنگ
خزمەتگوزاری؛ 2523 دەنگ
کەمکردنەوەی باج و رسومات؛ 1510 دەنگ
کەمکردنەوەی رۆتین لە فەرمانگەکان؛ 902 دەنگ
دابینکردنی ئامرازە پێشکەوتووەکانی گواستنەوە؛ 642 دەنگ
گرنگیدان بە ژینگە؛ 884 دەنگ
گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە گوندەکان؛ 575 دەنگ
بابەتی دیکە؛ 44 دەنگ
بێ وەڵام؛ 40 دەنگ
پرسیارێکی دیکە کە لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە ئەوە بووە “بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی هەڵبژاردن سوود لە کام ئامراز وەردەگریت؟” وەڵام بەم شێوەیە بووە:
سۆشیاڵ میدیا؛ 1531 دەنگ
تەلەڤزیۆن، رادیۆ و رۆژنامە؛ 928 دەنگ
خێزان و هاوڕێ؛ 443 دەنگ
حیزب؛ 380 دەنگ
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: 74 دەنگ
بابەتی دیکە؛ 27 دەنگ
بێ وەڵام؛ 260 دەنگ
ئامادەکارانی راپرسییەکە دەڵێن، دابەشکردنی فۆرمی راپرسییەکە لەسەر بنەمای رێژەی دەنگداران و بەم شێوەیە بووە:
لە پارێزگای دهۆک 892 فۆرم دابەشکراوە
لە پارێزگای هەولێر 1318 فۆرم دابەشکراوە
لە پارێزگای سلێمانی 1353 فۆرم دابەشکراوە
لە پارێزگای هەڵەبجە 80 فۆرم دابەشکراوە
سەرجەم فۆرمەکان 3643 بووە
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێکخراوی ستێپ، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، راپرسییەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کراوە و ناوی تەواوی لیستەکانیش پێش پەسندکردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگیراوە.
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات و پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
هاوپەیمانیی سەردەم پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، برای سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات سەرۆکایەتیی دەکات.
ژێدەر
رووداو