ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز دەبێتەوە
واشنتن پۆست: ئەگەر هەیە ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز بێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بەرپرسانی ئەمەریکی ڕاستەوخۆ ئێران و ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە دۆخی ناوچەکە لەوەی هەیە زیاتر ئاڵۆز نەکەن، هەربۆیە ئەگەر هەیە ئێران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز ببێتەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامە ئەمەریکییەکەی ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا تواناکانی لە گورز وەشاندن پیشاندا هاوکات لەگەڵ هۆشداریدانە ئێران لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا و نوێنەری تاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەن.
لەلایەکی دیکەشەوە هۆشداریداوەتە ئیسرائیل لەوەی بە هێرشەکانی بەرەی شەڕ فراوانتر نەکات و ببێتە مایەی ئاڵۆزی زیاتر، هەربۆیە پێشبینی دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بڕیاری تۆڵەسندنەوە لە ئیسرائیل پاشگەز ببێتەوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست هاتووە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمەریکی، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاڵۆزترکردنی گرژییەکانی ناوچەکە و فراوانکردنی شەڕ تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە، ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕوو لە زیادبوون بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی کۆشکی سپی کوشتنی هەنییە لە تاران بە بەربەستێک دەزانن لەبەردەم هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەستی شەڕ لە غەززە.
بەگوتەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن، زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی نەتانیاهۆ هۆکاری سەرەکی فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکەیە نەک ئێران، چونکە ئیسرائیل بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت ئەمەریکا چەند جارێک هێرشی دژی فەرماندەکانی حزبوڵلا و هێزە سەربازییەکانی ئێران کردووە ، ئەمەش خودی جۆو بایدن و بەرپرسانی ئیدارەکەی تووڕە و نیگەران کردووە.
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، هیچ پەیوەندییە تەلەفۆنیی لە نێوان بایدن و نەتانیاهۆ نەبووە و ئەمەش نیشانەی گرژی و سست بوونی پەیوەندییەکانە، لگەڵ ئەوەشدا هیچ ئاماژەیەک نییە ئاخۆ بایدن هیچ بڕیارێک بۆ سنووردارکردنی ڕەفتارەکانی ناتانیاهۆ دەدات یان نە.
ژێدەر
K24