ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنی کە لە ژێر ناوی هاوپەیمانی مەسیحی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم بەئامانجگرتنەی سەرۆکوەزیران، ناڕەوایە، خزمەت بە ئەجێندای دوژمنانی کوردستان و ئەوانەی لە ئەزموونی دیموکراسیدا خەریکی خۆدزینەوەن دەکات.
ئەوەش لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو بە ئامانجگرتنە هەوڵدانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی سەبارەت بەو دەستکەوتە گەورانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەدەست هاتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە: ئەم هەوڵانە و خۆڵ کردنە چاوی خەڵک، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی شکستخواردوو کە بۆ پەکخستن و دواخستنی کاری جددی بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە.
هاوپەیمانی مەسیحی جەختی کردەوە، هەر هەوڵێک بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن “جەنگێکی ڕاگەیەندراوە دژی بەها دیموکراسیەکان کە سەرۆک وەزیران بەرگری لێدەکات و هەمیشە بە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاوی پلاتفۆرمی کارکردنی خۆی دەزانێت”.
دەشڵێن: بە ئامانج گرتنی مەسرور بارزانی، باجی شەڕی بەردەوامیەتی لە دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران و شەڕی دژی دوژمنانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، هاوپەیمانی مەسیحی داوای لە لایەنە سیاسییەکان و چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی قسەی ڕقاوی و لایەنگری سیاسی بەدوور بگرن و ڕێز لە سەرکردە سیاسی و مەدەنییەکان بگرن، لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگا.
هاوپەیمانییەکە پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی دووپاتکردەوە، جەختیشیکردەوە، ئەوانەی دەیانەوێت زیانی پێبگەیەنن “بە ناچاری شکستدەهێنن و نائومێد دەبن”.
هاوپەیمانی مەسیحییەکان بریتین لە: هاوپەیمانی حامورابی، پارتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کلدان، پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدان، پارتی بزووتنەوەی کۆمەڵەی سریان، ڕابیتەی نێودەوڵەتی کلدان، بزووتنەوەی شەلامە بۆ کاروباری مەسیحی، لیژنەی کارگێڕی کۆمەڵگەی ئۆرتۆدۆکس و ئەرمەن و کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەرمەنی.