ئەمڕۆ چوارشەممە 2/10/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لاوان و قوتابییان و ئافرەتان، وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: “مەسرور بارزانی: خوا یار بێت لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەركەوتن بەدەست دەهێنین.”
گوتیشی: “پارتی بە تەنیا زۆر دەستكەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێكی تر بە تەنیا و بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستكەوتی هەبێت.”
راشیگەیاند: “پەیامێكم هەیە بۆ ئەو لایەنانەی كە پەلاماری پارتی دەدەن، پێیان دەڵێین ئێستا بۆ بانگەشە بێ یان بۆ هەر هۆكارێك بێ كە پەلاماری پارتی دەدەن، هەندێك هێڵ هەیە نەیبەزێنن، چونكە سبەینێ دێنەوە لامان، ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە كە بتانبوورین.”
جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەشی بەوە دا: “ئێمە باسی خۆڕاگری دەكەین، پارتی خۆڕاگر بووە بەرامبەر بە هەموو پەلامار و هێرشێك، پارتی هەموو ئەو داستانانەی تۆمار كردووە و دوژمنەكانی شكاندووە و هەرێمی كوردستان و كەرامەتی خەڵكی كوردستانی پاراستووە، پارتی شانازی دەكات كە بە هەڵگرتنی دروشمی خۆڕاگری، لە بەرامبەر هەموو تەحەدی و مەترسی و پەلاماردانێك خۆڕاگر دەبێت. بەڵام ئەو لایەنانەی كە دەڵێن بوەستن، با پێتان بڵێم پارتی بوەستێت داگیرتان دەكەن، بەبێ پارتی ناتوانن.”
گوتیشی: “دروشمی وایان هەڵگرتووە بە ئێمە دەڵێن كۆتیایی دەهێنین، كۆتایی بە چی دەهێنن؟ بە قەوارەی هەرێمی كوردستان؟ بە ئاوەدانی؟ بە شكۆی پێشمەرگە؟ بە ئێوە؟ بە چی كۆتایی دێنن؟ هەروەك پێشتریش گوتم وەڵامی ئێمە یەك وشەیە یەك وشە، ناتوانن.”
روونیشی کردەوە: “پێشتریش هەوڵیان دا، ئەمە ئێستا نییە، پێشتریش هەوڵیان داوە ئەم قەوارەیە نەهێڵن، پێشتریش بەشدار بوون لە پیلانەكان بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە لاواز بكەن، ئامادەبوون خۆشیان لەناو ببەن تەنیا بۆ ئەوەی لەژێر سەركردایەتیی پارتی ئەم حكوومڕانییە تووشی شكست بێت. هی ئێستا نییە، هەوڵەكانیان بەردەوام بووە، بەڵام نەیانتوانیوە، چونكە ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە، ئەم وڵاتە پارێزەری هەیە، خاوەنی ئەم وڵاتە ئێوەن و پارێزەری ئەم وڵاتەش پێشمەرگەیە. هیچ لایەنێك، هیچ تاكە شەخسێك، ناتوانێ كاروانی پارتی بوەستێنێت، ناتوانێ ئەم قەوارەیە تێك بدات، چونكە تەنیا كەسێك كە بڕیار لە چارەنووسی ئەم وڵاتە بدات، دەنگی ئێوەیە و دەنگی ئێوەش لە 20ی 10 دیار دەكات كە كێ بەردەوام دەبێ و كێ حوكمڕان دەبێ؟”
جەختیشی کردەوە: “بۆ ئەوەی مەترسی نەكەوێتە سەر قەوارەی هەرێم، بۆ ئەوەی بێڕێزی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان نەكرێت، بۆ ئەوەی بێوەفایی بەرامبەر بە تێكۆشەران بەردەوام نەبێت، بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر نەیەتە كوردستان، ترس و تۆقاندن نەمێنێ، بۆ ئەوەی سەرانەسەندن نەمێنێت، بۆ ئەوەی رادەستكردنی خاكی كوردستان چیتر قەبووڵ نەكرێت، بۆ ئەوەی سووكایەتی قەبووڵكردن چیتر بەردەوام نەبێت، خۆتان لەم لایەنانە بپارێزن كە ئەم خەسڵەتانەیان تێدایە. بەڵام بۆ شانازیی وڵات، بۆ شكۆی پێشمەرگە، بۆ سەربەرزیی ماڵی شەهیدان، بۆ ئاوەدانی، بۆ پێشكەوتن، بۆ زانست، بۆ هیوا، بۆ ئاییندە، دەنگ بدەن بە پارتی دیموكراتی كوردستان.”
Facebook Comments Box