وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من ڕایدەگەیێنێت، پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵیی دارایی.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “هەژماری من ناوی بانک نییە، بەڵکو چەپکێک بانکن لەناو پرۆژەیەکدا بەناوی هەژماری من،کە ئامانج لێی ئەوەیە فەرمانبەران لە ڕێگای بانک موچە وەربگرن،ئەم تەوزیحە بۆ هەندێک بەرپرسە کەدژی ئەم پڕۆژەیەن و لێی تێنەگەیشتوون تائێستاو پێیان وایە هەژماری من ناوی بانکێکە!”
وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە ئەوە داوە: “هەژماری من واتە حزورت هەبێت لەکاتی وەرگرتنی موچەکەت و بە گوش پارە وەرنەگری بەناوی چەکداری وەهمی!هەژماری من واتە هەموو کەس پارەی دیاربێت،بۆ زیاد دەبێت؟لەکوێ دێت؟چۆن دێت؟
هەژماری من واتە ڕێگری لە هەڕەشەی موچە بڕین لەکاتی دەنگدان!”
دەشڵێت: هەژماری من واتە ڕێگری لەشاردنەوەی ئەو پارانەیە کە بەقاچاخی و هەموو ڕێگەیەکی دیکەی نایاسایی هەندێک کەس پەیدای دەکەن.
بەپێی گوتەی پێشەوا هەورامانی، ئەو بانکانەی بەشدارن لە هەژماری من یان لە داهاتوو بەشدار دەبن دەبێت تۆمەتی پارە سپیکردنەوەیان لەسەر نەبێت و لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا نەخرابنە لیستی ڕەش و هەریەکەو بەڕێژەیەک دەتوانن بەشداربن لە بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی قۆرخکاری ڕونەدات.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند: ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی شەفافییەت دەکەن یەکەم بابەت شانازی پێدەکەن بونی سیستەمێکی بانکی شەفاف و کەم خەوشە. پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییەو حکومەتی هەرێمی کوردستان سورە لەسەر شەفافییەتی دارایی وڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی.