عەبدوڵلای کوێخا موبارەک، کەسایەتیی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێت: “یەکێتیی بووەتەوە هۆی پەکخستنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ.”
عەبدوڵلای کوێخا موبارەک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی”دەبوو کۆمپانیای جێبەجێکاری ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ تا ئێستا پێشەکی %10 و سلفەیەکی وەربگرتایە، بەڵام ھیچ پارەیەکی پێ نەدراوە و بەھۆی پێنەدانی پارە پرۆژەکە لە ڕاگرتندایە.”
دەشڵێت:بەڕێوەبەری بانکی ھەرێم لە لقی سلێمانی دەڵێت ‘ناتوانم بەپێی بڕیار و ڕێکاری ئیداری و نووسراوی حکوومەتی پارە خەرج بکەم، دەبێت خودی کاک قوباد تاڵەبانی و یەکێتی ئۆکەی پارە سەرفکردنم پێ بدەن و تائێستا ئۆکەیان نەداوە.”
ئاماژەشی داوە کە بودجەی پرۆژەکە لە داھاتی وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمە و دەپرسێت “با وای دابنێین تەنیا لەسەر داھاتی سلێمانییە، ئایا چەمچەماڵ لەسەر ئیدارەی سلێمانی و پێکھێنەری سەرەکی داھاتی سلێمانی نییە؟ هەروا چەمچەماڵ جگە لەوەی داھاتی نەوتی و غازی سروشتی و غازی LPG و کارەبای بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، نزیکەی %30 داھاتی سلێمانیش پێک دەھێنێت؛ ھەروەھا داھاتێکی زۆریشی لە کۆمپانیای ساوس کوردستان لە داناغاز و سۆنەری بانی مەقان و چەندین شوێنی دیکە بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی ھەیە، هەربۆیە بە داھاتی تەنیا 10 مانگی چەمچەماڵ بۆ سەر داھاتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی گشتی یەکێتی دەتوانرێت ئەو پرۆژە ئاوەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ تەواو بکرێت.”
هەروەها نووسیویەتی : “با واز لەوە بھێنین کە چەمچەماڵیش بەشێکە لە سلێمانی و یەکێتی، کوردە و ھاوزمانتانە، خاوەنی ھەزاران شەھید و ئەنفالە لە پێناو کوردستاندا، کەچی تەنیا داهاتی 10 مانگی خۆی پێ ڕەوا ببینن بۆ زەرورەتی ژیانی خەڵکەکەی کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە، هەربۆیە نابێت خەڵکی چەمچەماڵ ئەم غەدر و بە کەم زانینەی بیر بچێتەوە.”
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی عەبدوڵلای کوێخا موبارەک بڵاوی کردووەتەوە “چەمچەماڵ ئەم داھاتانەی بۆ سەر داھاتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گشتی یەکێتی هەیە:
– داھاتی نەوت و غازی سروشتی و LPG
– نەفتای کۆرمۆر-قادرکەرەم
– شەراکەتی کۆمپانیای ساوس کوردستان لەگەڵ ئیدارەی گشتیی یەکێتی لە دانەغاز
– داھاتی وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ
– باجی نزیکەی 20 ھەزار پیشەوەری جۆراوجۆر
– باجی چەندین کارگەی گەورەی خشتی سوور و چەندین کانی گەچ
– باجی نزیکەی 400 کێڵگەی پەلەوەری
– دەیان ملیۆن دیناری ڕۆژانەی سۆنەری بانی مەقان
– پارەی ئاو و کارەبای 200 ھەزار دانیشتووانی سنوورەکە
– داهاتی سایلۆ و کەرتی کشتوکاڵ