توركیا ئەوەی نەیتوانی خۆی بیكات بەگروپە چەكدارانی سوریا ئەنجامی دەدات
گروپە توندڕەوەكانی سوریا خۆیان بۆ پەلاماردانی تەل رەفعەت ئامادەكردووە کە لەژێر كۆنتڕۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە.
هاوشانی پەلاماردانی شاری حەڵەب، گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێزێكی زۆریان كۆكردووەتەوە بۆ پەلاماردانی ناوچەی “تەل رەفعەت” كە ژێر لەدەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی گروپە چەكدارەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەیتەكان بڵاویانكردووەتەوە، بەهێزێكی زۆرو جۆرەها چەكی قورسەوە لە ئامادەباشیدان و، چاوەڕوانی فەرمانن بۆ هێرشكردنە سەر “تەل رەفعەت”.
تەل رەفعەت و منبج و كۆبانی، بەشێوەیەكی بەردەوام سەرنجی بەرپرسانی توركیای لەسەربووەو وەك ئامانجی هەر پرۆسەیەكی سەربازی وشكانی چاوەڕوانكراو باسیان كردووە، چەندین جاریش داوای چۆڵكردنی ئەو ناوچانەیان كردووە لە شەڕڤانانی كورد.
بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار، بۆردومانی چڕی ئەم دواییەی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێك لەبووە لە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشەی توركیا لەماوەكانی رابردودا نەیتوانیوە خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەنجامیبدات، هاوشێوەی داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی و گرێی سپی، ئێستا لەڕێی گروپە توندڕەوەكانی سوریاوە جێبەجێیدەكات.
مەرجی سەرەكی ئەنقەرە لەڕابردودا، كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە لە منبج و كۆبانی و تەل رەفعەت، لەگەڵ گێڕانەوەی دامەزراوەكانی رژێمی سوریا لەجێگەی هەسەدەو بە هێزی ئەمنیی و پاسەوانی سنوریشەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆكی سوریا ئامادەی هیچ گفتوگۆو دانوستانێك نەبوو لەگەڵ ئەردۆغان، توركیا لەڕێی گروپە توندڕەوەكانەوە هەوڵی دروستكردنی فشار لەسەر رژێمی سوریا دەدات بۆ رازیبون بە مەرجەكانی، كە دیارترینیان دەركردنی شەڕڤانانی كوردە لەوناوچانەو گێڕانەوەی ئاوارەكانی سوریاو نیشەجێكردنی بەشێكی زۆریانە لە پشتێنەی سنوریی نێوان باشوری توركیاو باكوری رۆژئاوای سوریا و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچە كوردنشینانە بە هاوڵاتیانی عەرەب و دورخستنەوەو لاوازكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات.
پاساوی توركیا بۆ كردنە ئامانجی ئەم سێ ناوچەیە ئەوەیە، كۆبانی ناوچەیەكی هەڕەشەی بەردەوامە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، مەنبجیش بە هەڕەشە دەزانن بۆ ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە توركیا بەڕێوەی دەبات، تۆمەتی ئەوەش دەدەنە پاڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل لە تەل رەفعەت، كە بەشێوەیەكی رۆژانە ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكەنە ئامانج.
ژێدەر
درەوە