بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەمزووانە دەست بە گۆڕینی ئەو بەشەی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ دەکرێت کە ساڵانە تووشی گرفتی شکان دەبێت و “بەشێکی بۆڕییەکە، دەگۆڕدرێت”.
زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئەوەی ئاشکرا کردووە: “پارە بۆ گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر تەرخانکراوە، ئەو مەودایەی لە وێستگەی مارعۆدە نزیکە و ساڵانە تووشی گرفتی شکان دێت، بەمزووانە دەست بە گۆڕینی دەکرێت.
لەهەمانکاتدا، بڕیارە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار بۆ هەولێر دروستبکرێت، کە وا چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆری کێشەکانی ئاو لە شارەکە چارەسەر بکات.
زەردەشت عەبدولخالق، باس لەوەش دەکات: هەر گەڕەکێک کێشەی ئاویان هەیە، با سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکەن و لەلایەن تیمەکانیانەوە بۆیان چارەسەر دەکەن.
بەپێی گوتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئێستا رەوشی ئاو لە هەولێر “زۆر باشە” و بەردەوامیش دەبن لە بڕینی ئەو سەرپێچییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی ئاو.