کچێکی ناسراوی سۆشیا میدیا تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو دەكاتەوە و باس لەوە دەكات كە هێزێكی ئاسایش لە سلێمانی براكەیان ”بەبێ فەرمانی دادوەر“ دەستگیر كردووە.
میریان قادر، چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە هاوەڵی دووەمی شاجوانی كوردستان بووە بۆ ساڵی 2018، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند: ”شەوی رابردوو لە سلێمانی، هێزێكی ئەمنیی گەورە بە سێ ئۆتۆمبێلی ئاسایشەوە هەڵیانكوتایە سەر ماڵی من لە سلێمانی، براکەمیان دەستگیر كردووە. برا و برازام بەدوایاندا ڕۆشتوون و كەس نازانێ لە كوێن.“
ڕوونیشی كردەوە كە هەر ئەو هێزە، ”مۆبایلیان لە براژنم وەرگرتووە، چەند سەعاتێك پێشتریش مۆبایلیان لە برام وەرگرتووە، هەموویان پشكنیەوە بەبێ فەرمانی دادوەر.“
میریان قادر بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ: ”تۆ گوێت لێ بێ، تۆ مایكت شكاند لە سلێمانی! كوا قانوون و كوا چاكسازی؟ ئێمە لە 2025ین، گوناحی برای من چیە؟ تەنیا لەبەر ئەوەی برای میریانە و میریانیش پارتییە؟”
هاوكات داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بچنە سەر هێڵ و دەشڵێت: ”سەلامەتیی ژیانی برام لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە“ و هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر براكەی هەر ئازارێكی بەر بكەوێت، ئەوا ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەهێنێتە سەر هێڵ.