
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/3، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد و گوتی کردنەوەی کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، نیشانەی پابەندبوونی وڵاتەکەیەتی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. دووپاتیشی کردەوە کە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکین لە کوردستان.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای لە قۆناخە جیاجیاکاندا کرد و ئامادەیيی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد.
دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.



