
لە شەڕی ناوخۆشدا یەکێتی بە بڕینی کارەبا ململانێی پارتی دەکرد
ڕۆژنامەنووس: بارزانی عەلی حـەمە
یەکێتی، کە لە ٣١ی ئاب هەڵهات بۆ سەیرانبەن، دیسکی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانی لەگەڵ خۆی برد. ئەو دیسکانە وەکو فیوزی جارانی ماڵان بوو، ئەگەر دەرتبهێنایە کارەباکە دەبڕا. ئەوان دەریانهێنا و بردیان بۆ ئێران، تەواوی کوردستان بێ کارەبا بوو.
سەدام، دڕندە و بکوژ و هۆڤانی بوو! بەڵام کە لە ڕاپەڕین کوردستانی بەجێهێشت، وای نەکرد!
لە شەڕی ناوخۆدا، هەمیشە یەکێتی بە بڕینی کارەبا و تێکدانی محاوەیلە و لێدان لە ژێرخان، ململانێ و دوژمنایەتیی پارتیی دەکرد. هەر جار لەبەرامبەر پارتیدا بشکایە، کارەبایان دەبڕی. لەسەردەمی بەعسیش، گوایە شۆڕش دەکەن، چەندین پیلانیان بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دوکان داڕشت و شکستیان هێنا. لەڕاستیدا سەرکەوتووبوون لە تەقاندنەوەی بیرەنەوتەکانی کەرکووک، کە بەدوایدا ئەنفال هات و کوردیان بە قڕکردن دا.
ئەم حیزبە، هەمیشە لە کەللەیدا یەمەنێکی ڕازاوە، کوبایەکی ڕەنگین وەکو دارفور هەیە. لیبیایەکی ئاوەدان وەکو سوریا، ئەڤغانستانێکی پێشکەوتووی وەکو نامبیا حازرە.
ئەمانە بەس دەرفەتیان هەبێ و ڕێگەیان پێ بدەی، دەتوانن لەسەر داروپەرودوی پاریس کابووڵ دروستکەن! دەتوانن بەڵێن بدەن لەندەن وەک خەرتووم بڕازێننەوە!
ئەم حیزبە نەخۆشیی فۆتۆسێنسەتیڤی هەیە. کێشەی لەگەڵ ڕووناکی هەیە، بۆیە بەردەوام وەعدی بە بەشە میللەتەکەی خۆی ئەدا کارەباکە ئەبڕێ، غازەکە ڕادەگرێ، جا هەر کەس بەڵێنی خۆی بردەسەر، کاک مەسروور وتی: کارەبا دەکەمە ٢٤کاتژمێر و کردی. ئەوانیش وتیان ڕایدەگرین و دەیتەقێنینەوە و کردیان. کورد لە مێژە دەڵێت: گۆزە چی تێدا بێت، هەر ئەوەی لێ دەڕژێت!



