شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن
دوای 15 ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە 3ی شوباتی 2025، لەبینای ئەنجومەنی ئابووریی عێراق بەڕێوە چوو، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە بەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە چوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێكکەوتن.
لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2025 ـن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بە گەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
شایانی باسە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەت ەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لە بواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری