
یەکێتی زانایانی کوردستان لەبارەی سواڵکردن و پارەدان بە سواڵکەر فەتوایەکی نوێ دەردەکات.
سواڵکردن لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە و بەشێک لە هاووڵاتیانیش نیگەرانن لەو بابەتە کە لەسەر شەقام و شۆستە و مزگەوت و بازاڕەکان بەشێواز و ڕێگای جیاواز سواڵ ئەنجام دەدرێت.
د. عەبدوڵڵا ئەحمەد، وتەبێژی یەکێتی زانایانی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەم فەتوایە باس لە حکومی سواڵکردنە لە شوێنە گشتییەکان و ئەو کەسانەشی کە پارە دەدەن بەو سواڵکەرانە.
– لە ڕووی شەرعییەوە و بەگوێرەی ئەم فەتوایە کە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بڵاویکردووەتەوە، پارەدان بە سواڵکەر و سواڵکردن هەردووکیان حەرامن، چونکە لە ڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە ڕێگەپێدراو نییە، ئەو کەسەی پارەی پێدەدەیی دڵنیانیت شایستەیە یان نا، ئەمەش دەبێتە هاندان بۆ ئەوەی لەسەر سواڵکردن بەردەوام بێت.
– ئەو پارەی دەدرێت بە سواڵکەر، زەکات بێت یاخود خێر هەر دروست نییە و حەرامە.
– بە گوێرەی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ)؛ هەر کەسێک ئەگەر داوای سواڵ لە خەڵک بکات، بۆ ئەوەی پارەی پێ زیاد بکات، لە کاتێکدا پێویستی پێی نییە و دەپاڕێتەوە، ئەوە وەک ئەوەیە کە داوای پشکۆی ئاگر بکات، ئاماژەیە کە لە قیامەتدا سزای ئەو کەسانە تووندە.
– لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە سواڵکردن ڕێگەپێدرا و دروست نییە بەهیچ جۆرێک.



