
دوای نزیکەی ٢٠ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە ژنێک لە زاخۆ بەهۆی بە هەڵە تێکردنی خوێنەوە گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی رایانگەیاند، داوایی یاسایی لەسەر ئەو کارمەندە پزیشکییانەی سەرەتا پشکنینیان بۆ کردووە تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، کەسوکاری شیلان ئیسماعیل، کە بەهۆی بەهەڵە پیدانی خوێنەوە گیانی لەدەستدا رایانگەیاند، خوێنی شیلان بی زائید بووە و بەڵام خوێنی ئەی زائیدیان پێداوە و بەهۆیەوە بۆ ماوەی ١٧ رۆژ بێهۆشبوو و شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دوای ئەوەی پزیشکەکان داوای خوێنی لێکردوون و بە نوسراوێکی فەرمی چوونەتە بانکی خوێن و لەوێ کارمەندانی بانکەکە پێیان وتوون کە جۆری خوێنی شیلان لەگەڵ ئەو خوێنەی لەسەر نوسراوەکە هەیە جیاوازن، بەڵام پزیشکی تایبەت وتوویەتی کە ئەوە کاری ئەوانە و ئەوان باشتر دەیزانن.
باسیان لەوەشکردووە، دوا بە دوای کۆتایی هاتنی پرسەکەی داوایی یاسایی لەسەر ئەو کارمەندە پزیشکییانەی سەرەتا پشکنینیان بۆ کردووە تۆمار دەکەن.