لە هەندێک وڵات ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە عێراق و موسڵمانانی بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی، نوێژی جەژنیان ئەنجامدا.
ساڵانە بەهۆی جیاوازی لە بینینی مانگی نوێی زیلحجە، دیاریکردنی وادەی جەژنی قوربان لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی جیاوازی تێدەکەوێت، بەڵام وەک هەمیشە شیعە مەزهەبەکان ڕۆژێک دوای سوننە مەزهەبەکان کردوویانە بە جەژن.
شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ئێوارەی ڕۆژی 27ـی ئایار ڕایگەیاند، یەکەم ڕۆژی مانگی زیلحجە 28ـی ئایار دەبێت و ڕۆژی وەستانی لە کێوی عەرەفە 5ـی حوزەیران دەبێت و یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانیش، ڕۆژی هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025 دەبێت.
هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی شوێنپێی سعودیە کەوتن، لەوانە: میسر، ئیمارات، ئوردن، سەڵتەنەی عومان، ئیندۆنیزیا و وەقفی سوننیی عێراق.
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، ڕۆژی 27ـی ئایار ڕایگەیاند، 28ـی ئایار تەواوکەری مانگی زولقەعدەیە و ڕۆژی 29ـی ئایار یەکەم ڕۆژی مانگی زیلحجەیە، بەمەش ڕۆژی شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت.
هەندێک وڵاتی دیکە ڕایانگەیاند، کە بینینی مانگ لە ئێوارەی ڕۆژی 27ـی ئایار بۆیان مسۆگەر نەبووە، بۆیە بڕیاریاندا ڕۆژی شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025 وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری بکەن، لەوانە پاکستان، مەغریب، مۆریتانیا، مالیزیا، هیندستان، بەنگلادیش و برۆنای.
جیاوازی لە دەستپێکی مانگی کۆچی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا شتێکی ئاساییە و دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی: لەوانە جیاوازیی شوێنی جوگرافی و حیساباتی فەلەکی، بەڵام لە کۆتاییدا هەر وڵاتێک پشت بە لیژنە شەرعی و فەلەکییەکانی خۆی دەبەستێت بۆ دیاریکردنی کاتی فەرمیی بۆنە ئایینییەکان.