
کۆمەڵێک سەرمایەدار و کۆمپانیای فەرەنسی بۆ وەبەرهێنان ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان دەکات تاوەکو کار و پرۆژەکانیان بهێننە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا سەرمایەدارە بیانییەکان ڕوو لە ناوچەکە دەکەن و سەرمایەکانیان لە کەرتە جیاوازەکانی وەبەرهێنان دەخەنە گەڕ.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبیژی دەستەی وەبەرهینانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەم زووانە چەند سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و کۆمپانیای دیاری فەرەنسی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە سەرمایەی دەیان ملیۆن دینار لە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و وزەی خۆر کار دەکەن.
نزیکەی 15 کۆمپانیای فەرەنسی لە سێکتەرە جیاوازەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
زیاتر لە 40 نوێنەرایەتی و نووسینگەی بازرگانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها هەرێمی کوردستان زیاتر لە 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە.