
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەویوزار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی. بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.
وەزارەتی ناوخۆ، داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکات کە “بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە.
ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لە دەڤەرەکەدا دەمێنتەوە.”