جیهانگرنگهەواڵ

ترەمپ بۆ پووتین: 10 بۆ 12 رۆژت لەبەردەمە

سەرۆکی ئەمریکا، دوایین هۆشداری بە سەرۆکی رووسیا دا و رایگەیاند، تەنیا 10 بۆ 12 رۆژت لەبەردەمە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا. ئێران بە هۆکاری شکستهێنانی هەوڵەکانی ئاگربەست لە غەززە دادەنێت و دەڵێت، ئێران لە رێگەی حەماسەوە دەستوەردان لە دانوستاندنەکاندا دەکات.

رۆژی دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا کۆبوونەوە و پرسی داهاتووی غەززە و جەنگی ئۆکراینا، کێشەی کۆچبەران لە بەریتانیا و چەندین پرسی دیکەیان تاوتوێکرد.

دوا مۆڵەت بۆ رووسیا

لەدوای کۆبوونەوەکەیان، ترەمپ و ستامەر قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەبارەت بە جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداری دایە ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی: “مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانیکردن نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدی ناکەین.”

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت “ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکرانییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن.” 

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی: “سێجار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاڕاستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆر جار روویداوە و بە دڵم نییە.”

“جەنگی غەززە”

ترەمپ لەبارەی جەنگی غەززە رایگەیاند، ناوەندی خۆراک لەو کەرتە دادەنێن بۆ هاوکاریکردنی فەلەستینییەکان و رێگری لە فراوانبوونی قەیرانی خۆراک و دیاردەی برسێتی لە غەززە.

سەرۆکی ئەمریکا گوتی: “ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەرە” بەڵام دەشڵێت ئەوان “ئاڵنگارییان بۆ دروست بووە” بەهۆی ئەوەی هێشتا 20 بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن “ئەمە دۆخێکی زۆر قورسە. ئەگەر بارمتەکانیان نەبواویە، کارەکان زۆر بەخێرایی دەڕۆیشتن.” 

سەبارەت بە پلانی گەیاندنی هاوکارییەکان، ترەمپ رایگەیاند، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەش، یارمەتیی ئەمریکا دەدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی دابەشکردنی هاوکاری.

ترەمپ دۆخی غەززەی بە “سامناک” وەسف کرد و گوتی: “پێویستە منداڵەکان تێر بکەین، بۆیە بڕێکی زۆر خواردنمان ناردووە. نیشانەکانی برسێتیی راستەقینە لە غەززە دەبینرێت.” 

ئەو دەڵێت قسە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوودا دەکات و ئەوان “چەندین پلانی جیاواز دادەنێن.”

لکیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بە داهاتووی غەززە؛ رایگەیاند “بە دڵنیاییەوە حەماس ناتوانێت هیچ رۆڵێکی لە داهاتووی غەززە هەبێت،” گوتیشی “پێویستە بارمتەکان ئازاد بکەین و ئەمە بە خاڵی دەستپێک دادەنێین.” 

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت کە دۆخی مەیدانی لە غەززە “بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت” و پێویستە هاوکاریی مرۆیی “بە خێرایی و بە بڕێکی زۆر” بگاتە کەرتەکە.

“ئێران و حەماس”

سەرۆکی ئەمریکا باس لە هۆکارەکانی شکستهێنانی هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئێران بە هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتن لەسەر غەززە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: “ئێران خۆی لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە قەتەر تێکەڵکردووە و پێموایە ئەوان دەستوەردان لەو دانوستاندنانەدا دەکەن فەرمانیان بە حەماس کردووە و ئاماژەیان پێداون و ئەوەش باش نییە.” 

سەبارەت بە مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران لەدوای هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، ترەمپ گوتی: “ئەگەر ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە، ئەوا ئێمە خێراتر لە چاوتروکانێک لەنێوی دەبەین.”

هەوڵدان بۆ ئاشتیی جیهان

ترەمپ باسی لەوە کرد لەماوەی ئەو شەش مانگەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، چەندین جەنگی خوێناوی و ناکۆکی جیهانی هێور کردووەتەوە و کۆتایی پێهێناوە، بەڵام هێشتاش لە هەوڵەکانی بەردەوامە.

ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند “ئەگەر من لێرە نەبوومایە، ئێستا شەش جەنگی گەورە لە ئارادا دەبوون. هیندستان شەڕی لەگەڵ پاکستان دەکرد. بینیتان دوێنێ چیمان کرد لەگەڵ کەمبۆدیا و تایلاند کە بازرگانیمان لەگەڵ دەکەن! لە کاتی رێککەوتنەکەدا گوتم، ‘هیچ رێککەوتنێکی بازرگانی ناکەم، تاوەکو ئێوە کێشەکانتان چارەسەر نەکەن’. لە ماوەی 24 کاژێردا چارەسەرمان کرد.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button