
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ڕاگەیاند، پشتێنە سەوزایی بە شێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە لەگەڵ دروستکردنی زیاتر لە 10 گۆمی دەستکرد بۆ ئاودانی دارەکان، ئێستا قۆناغی یەکەمی لە بواری جێبەجێ کردندایە.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەڵێت: قۆناغی یەکەمی پێشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر، ڕووبەرەکەی 12 هەزار و 900 دۆنمە، لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، وادەی تەواو بوونەکەشی دیاری نەکراوە.
سەبارەت بە قۆناغی دووەم، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو پرۆژانە پرۆژەی ستراتیجین، هاوشێوەی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرا، پرۆژەی ڕووناکی، بەهەمان شێوە پشتێنەی سەوزیش ستراتیجییە، بۆیە خوێندنەوەی زیاتری بۆ دەکرێت.
گوتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بێت.
ئەم پڕۆژەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردایە، لەم پڕۆژەیەدا بڕیارە ملیۆنان داری فستق و زەیتوون لە دەوروبەری شاری هەولێر بڕوێندرێن، ئەوەش دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێردا