حکومەتی بەریتانیا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ فەرەنسا کردووە کۆچبەران دەگەڕێنێتەوە
رۆژی چوارشەممە 6ی ئابی 2025 حکومەتی بەریتانیا گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوت یەکەم گرووپی کۆچبەران کە پێشتر بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیز پەڕیبوونەوە، دەستبەسەر کراون؛ بەڵام رێگە بە هیچ دەزگایەکی میدیایی سەربەخۆ نەدرا ئامادەی پرۆسەکە بێت و رووماڵی بکات.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لەندەن و پاریس، بەریتانیا ئەو کۆچبەرانە دەنێرێتەوە کە بە نایاسایی دەپەڕنەوە، لە بەرامبەردا فەرەنسا رێگە بەو کۆچبەرانە دەدات بچنە بەریتانیا کە کەسوکاریان لەوێ نیشتەجێن.
هاوکات، هەر لە رۆژی چوارشەممەدا، 155 کۆچبەری دیکە سەرکەوتوو بوون لە پەڕینەوە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی کۆچکردن بەم رێگەیەدا.
لە لایەکی دیکەوە، وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە، حکومەتی بەریتانیا لە دیوی فەرەنسا پۆستەرێکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەی کۆچبەرێکی لەسەرە لەلایەن سێ ئەفسەرەوە دەستگیرکراوە و دەبرێتە ناو فڕۆکەیەک. لەسەر پۆستەرەکە نووسراوە، “ئەگەر بگەیتە بەریتانیا، دەستگیر دەکرێیت و دەنێردرێیتەوە فەرەنسا.”



