
بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت، کارەکانی پارکی چینی لە هەولێر تەواو بووە و بەم نزیکانە دەکرێتەوە. راشیگەیاند: “کۆنسووڵخانەی چین بەڵێنی داوە 8 پارکی دیکە لە هەولێر دروست بکات”.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، سەروەر وەیسی، بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر راگەیاند: “لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ چینییەکان دەستیان بە دروستکردنی پارکێک کرد لەسەر شێوازی خۆیان و ماوەی 90 رۆژیان بۆ دانابوو، 10ـی ئەم مانگە کارەکانی تەواو بوون و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی پارکەکە”.
پارکی چینی دەکەوێتە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر. بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت: “رووبەرەکەی 11 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، واتە 4.5 دۆنم زەوی، 900 مەتر دووجای سەوزاییە و 125 مەتری بۆ پیادەڕەوی وەرزشییە، لەلایەن کۆنسووڵخانەی چینەوە بە هاوئاهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان دروست کراوە”.
لە پارکەکەدا سێ دەرگەی سەرەکی هەن. سەروەر وەیسی گوتی: “3500 داری جۆراوجۆری لێ چێنراوە”.
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان، کۆنسووڵخانەی چین بەڵێنی داوە 8 پارکی دیکە لە پارێزگای هەولێر لەسەر شێوازی خۆیان دروست بکات.
