خەمیس خەنجەر پیرۆزبایی لەمەسعود بارزانی دەکات

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: پارتی بەشدار بووە لە چەسپاندنی پێکەوەژیان.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، خەمیس خەنجەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی و کادیران و لایەنگرانی ئەو حزبە دەکەین.
گوتیشی: ڕۆڵ و پێگەی پارتی لە سیاسەت و مێژووی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز دەنرخێنین.
خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوەش دا، ئەو حزبە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکێک بووە لە پێکهاتە دیارەکانی سیاسی کوردستان و عێراق، هەروەها بەشداری لە چەسپاندنی پێکەوەژیان و پتەوکردنی هاوبەشی کردووە.
لەپەیامەکەیدا دەڵێت: بەم بۆنەیەوە داوای بەردەوامی کاری هاوبەش لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین بۆ گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری، هەروەها هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی جددیەوە بخرێتەگەڕ.
باسی لەوەش کردووە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەو بەڵێن و پابەندیانە جێبەجێ بکەن کە واژۆیان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چارەسەری ئەو نادادپەروەری و پێشێلکاریانە بکەن کە ڕووبەڕووی گەلی عێراق دەبێتەوە.