
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە و یەکەم کاریشی هەڵبژاردنی دەستەیەکی “هەمیشەیی” سەرۆکایەتی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە بۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە؛ سەردانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد.
ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “هیوادارین بەپێی ئەوەی لیژنەی دانوستانکاری هەردوولا (پارتی و یەکێتی) لەسەری پێکهاتوون، لە مانگی ئەیلوولدا پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.”
سەبارەت بە کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، ڤالا فەرید ڕوونیکردەوە “یەکەم کاری پەرلەمان ئەوەیە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت.” جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، دەستەی سەرۆکایەتیی داهاتوو “دەستەیەکی هەمیشەیی” دەبێت نەک کاتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان دەست بە کارەکانی دیکەی دەکات، لەوانەش پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
وەکوو ئەوەی ڤالا فەرید خستییەڕوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لیژنەی دانوستانکارەوە پێیانگەیشتووە، “پێکاهاتنێکی باش هەیە و بەرەوپێشچوونی زۆر بەخۆیەوە بینیوە.”
کۆتا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
ئەمە لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی ڕابردوو، 14ـی ئابی 2025، لە شاری هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگەی هاوبەشیی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و، ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جیددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات.
هاوکات هەردوولا، جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.