
نزیکەی دوو هەزار عومرەکار بە ڕێگەی ئاسمانی گەشتی سعوودیەیان کردووە، بەڵام بەهۆی وەستانی گەشتەکان ناچارن بە ڕێگەی وشکانی بگەڕێنەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە عومرەکار دەتوانێت داوای گەڕانەوەی بەشێکی پارەکەی بکاتەوە کە جیاوازی نێوان گەشتی ئاسمانی و وشکانییە.
بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن و وەستاندنی گەشتی ئاسمانی لە عێراق، نزیکەی دوو هەزار عومرەکار لە سعوودیە گیریان خواردبوو و ئێستا نزیکەی 500 عومرەکاریان بە ڕێگەی وشکانییەوە گەڕێنراونەتەوە.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان؛ رایگەیاند، “عومرەکار مافی خۆیەتی داوای گەڕانەوەی جیاوازییەکە بکات، ئەگەر کۆمپانیاکە ئامادە نەبوو بیداتەوە، ئەوا دەتوانێت لای ئێمە سکاڵا بکات و ئێمە ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر.”
تێچووی گەشتی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودییە، 650 بۆ 700 دۆلارە کە تکتی فڕۆکە، هوتێل، گواستنەوە و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە لەخۆدەگرێت، بەڵام بە پاس و لە ڕێگەی وشکانی 350 بۆ 375 دۆلاری تێدەچێت، دەبێت ئەو کۆمپانیایەی کە عومرەکاری بە فڕۆکە بردووە و ئێستا بە پاس دەیگەڕێنێتەوە، دەبێت قەرەبووی جیاوازی پارەکەی بکاتەوە، تەنیا هاتوچۆیەکە.