
سێ ڕۆژە ئاگرێکی بەرفراوان ناوچە شاخاوییەکانی کۆکۆیی لە ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە گرتووەتەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئاگرەکە لە سنووری گوندەکانی نەیجەلە و مۆردین و چنارە بووە، ئەمرۆ ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و گەیشتووەتە سنووری گوندەکانی کۆلی متکان و لمە و پێگە، بەهۆیەوە بە سەدان هێکتار زەوی و سووتاوە و ئاگرەکە بەخێرایی تەشە دەکات، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کەمدا چەند دۆنمێک زەوی دادەگرێت.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە و خۆبەخشێک بەهۆی ئاگرەکەی هەڵەبجە گیانیان لەدەست داوە، ئێستاش دەیان کارمەندی تیمەکانی بەرگریی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی هەڵەبجە، ئاسایشی ناوخۆ، شارەوانی هەڵەبجە و شارەوانی سلێمانی بە ئامیر و کەرەستەی تایبتەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرە دەدەن.
دەیان باڵندە و ئاژەڵی کێوی بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون و بەشێکیشیان هەوڵ دەدەن ناوچەکە جێبهیڵن و بڕۆن، هەروەها خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە هەر زوو مەڕ و ماڵاتەکانیان بردووەتەوە هەڵەبجە و دووریان خستوونەتەوە لە شوێنەکە. ئەگەر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا دەگاتە شاخی شنروێ و گوندی کاکەییەکان.
عهمید عابدین عهبدولڕهحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ڕایگەیاند: چەند جاریک ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام لەبەر نالەباری کەشوهەوا و سەختیی شوینەکە، دووبارە ئاگرەکە سەرهەڵ دەداتەوە. ئێستا تیمەکانمان هەوڵ دەدەن ئاگربڕ دروست بکەن و نەهێڵن چی دیکە تەشەنە بکات، بەڵام نالەباری کەشوهەوا ئاستەنگی زۆری بۆ دروست کردووین.
ئەوەی جێگەی ترس و مەترسییە، ئەوەیە کە ئاگرەکە بگاتە شاخی شنروێ، چونکە شاخەکە زۆر بەرزە، لەگەڵ ئەوەشدا مین و ئەڵغامی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانی تێدایە، ئاگرەکە دەبێتە هۆی تەقینەوەی مینەکان و ئاگرەکە زیاتر تەشەنە دەکات.