
کەسوکاری سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی بادینان
ئەمرۆ یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە، کە لە رۆژی ٢٥ی ئاب بۆ ٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ دەرهەق بە پێکهاتە جیاجیاکانی خەڵکی دەڤەری بادینان ئەنجامدرا
ئەم تاوانە قۆناغی هەشتەم و کۆتا پرۆسەی ئەنفالە، کە بە ئەنفالی بادینان یان ‘خاتیمەی ئەنفال’ دەناسرێت، کە تێدا پەلاماری دەڤەری بادینان درا، هەزاران کەس لەو قۆناغەدا بە کۆمەڵ گوللـە باران و کیمیا بارانکران و ژمارەیکیشیان دەستگیر و بێسەروشوێن کران، کە تا ئیستاش بەشێکی زۆر لە روفاتەکانیان بێ سەروشوێن ماونەتەوە.
لە کۆتا قۆناغدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس ئەنفالکران و نزیکەی ١٨ هەزار لە پیاو ئافرەت و منداڵ دەستگیرکران، هەروەها زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، ڕژێمی لەناوچووی بەعس ژمارەیەکی زۆر لە سوپاکەی بۆ تەرخان کردبوو، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە ٢٨/٨ لە ٣-٩-١٩٨٨ـی فەرماندەی فەیلەقی پێنجی عێراق ،١٣ سەرکردایەتی فیرقەکانی(٤١،٢٩،٢٥،٧،٤،٣)، لەگەڵ هێزەکانی (٤٥،٤١،٣٨) و سەرکردایەتیی جاش و موستەشارەکانیش بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، سەرجەم هێزەکانیش بریتی بوون لە ٢٩ لیوا ،٧ کەتیبەی تانک ،٢ سرییەو، ٤ کەتیبەی زرێپۆش ،٢٤ کەتیبەی سەدام، گاردی کۆماری ،١٧١ فەوجی جاش.
سنووری پەلامارەکانی قۆناغی هەشتەمی ئەنفال، سەرجەم گوندەکانی پارێزگای دهۆک ،زاخۆ، باتیفا، کانی ماسی، زێوە، ئەتروش، زاوێتە، دێرەلووک، قەزای ئامێدی و ناحیەکانیشی گرتەوە، کە تێکرا ٦٦٣ گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا ٤٠ گوندی مەسیحی ،٨١ گوندی کوردانی ئێزدی ،٧٩ گوندی دیکەش کیمیابارانکران.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین لەم یادەدا ستایشی بڕیارەکانی هەریەکە لە ووڵاتانی بەریتانیا و سوێد و نەرویچ و کۆریای باشوور بکەین کە تاوانی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندوە و هانی وڵاتانی تریش دەدین کار لەسەر ئەم پرۆسەیە بکەن و بەتاوانی جینۆسایدی بیناسێنن.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەم یادە کارەساتبارەدا سەری ڕێز بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بادینان دادەنوێنێت و بەشکۆوە یادییان دەکاتەوە، سڵاو ڕێز بۆ خێزان و کەس و کاریان دەنێرێت، و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی بادینان و هەوڵدان بۆ ناساندنی کەیسەکە بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە هەمانکاتدا وەك پەرلەمانی عێراق لە١٤ نیسانی ٢٠٠٨دا و دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دانی پێدا ناوە، ئەم تاوانەی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندوە، داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش دەکەین لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا بە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان-وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەستێ بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و گەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی باوباپیرانیان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان کە بەو هەنگاوانەشی ئومێد دەکرێت بە شێک لە ئازاری کەسوکاری قوربانیان سارێژ ببێت.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئەنفالی بادینان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥