ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتییەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە:
دوێنێ، ڕێکەوتى ٢٦ى ئابى ٢٠٢٥، لە بەرنامەیەکى ڕادیۆى دەنگى بزووتنەوەى گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیاى فەرمى کەناڵى (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەنێونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێبارى) ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنى مووچە!
لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەرى ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەى تۆمەت بەخشینەوەیەکى بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێبارى و مەکتەبى سیاسى پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردۆتەوە لە چارەسەر کردنى کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى، هاوکات هانى هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى تۆکمە بۆ دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕەخساندنى کەشێکى ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانى مووچەخۆر و هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان.
نووسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى
پارتی دیموکراتى کوردستان.