
سێ ڕۆژە ئاگرێكی فراوان سنووری چەند گوندێكی قەزای پێنجوێنی گرتووەتەوە و بوونی ژمارەیەكی زۆر لە مین و تەقەمەنی لە ناوچەكە ڕێگرە لە زوو كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە.
ڕۆژی پێنجشەممە 28-8-2025، ئاگرێك لە دەورووبەری هەردوو گوندی هەڵاڵە و مەسۆ لە سنووری قەزای پێنجوێن كەوتەوە، بەو هۆیەوە ڕووبەڕێكی گەورەی پووش و پاوان و داری سرووشتی سووتان و دوای چەند كاتژمێرێك كۆنتڕۆڵ كرا و دامركایەوە، بەڵام دوێنێ هەینی جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە و بەو هۆیەوە تاوەكوو ئێستا دوو كەس سووتاون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 30-8-2025، وێڕای ئەوەی تیمەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگە و بەرگریی شارستانی، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی دەڤەرەكە خۆبەخشان چوونەتە شوێنی ئاگرەكە و توانراوە بەر لە زیاتر تەشەنەسەندنی زیاتری بگیرێت بەڵام ڕووبەڕێكی زۆر فراوانی پووش و پاوان و دارستان سووتاوە.
ئەوەی ڕێگر بووە لە زوو كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە مین و تەقەمەنیی سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێرانە بەو هۆیەوە تیمەكان ناتوانن بگەنە هەموو شوێنێك بەتایبەت بەرزاییەكان، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ژمارەیەك تەقینەوە بەو هۆیەوە ڕوویانداوە و ئەمەش بڵێسەی ئاگرەكەی زیاتر كردووە، هاوكات ‘با’یەكی بەهێز دەڤەرەكەی گرتووەتەوە ئەمەش هاوكارە بۆ فراوانبوونی ڕووبەری ئاگرەكە.
تاوەكوو ئێستا ئاگرەكە گەیشتووەتە هەریەك لە گوندەكانی كێلو، هەڵاڵاوا، مەسۆ، قەڵای كچێ، قەڵای كوڕێ و سەیرانگەی سێكوان.