مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئیماراتی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 9/1، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی نورە ئەلکەعبی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ سالم بن خالد ئەلقاسمی، وەزیری ڕۆشنبیریی ئیمارات و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە ئامادەی بوون، جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرا.
سەرۆکی حکومەت پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی سەرکردایەتیی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات و شێخ محەمەد بن ڕاشد، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران دەربڕی.
شاندی ئیماراتی ئاماژەیان بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەییان بۆ برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
دۆخی گشیی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.



