
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، رۆژانە کاتژمێرێک هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو سەنتەری شار قەدەخە دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، رۆژی 21-09-2025، وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند: ”بەهۆی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن و لە بەرژەوەندیی قوتابیان، بڕیارمان دا هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو شاری سلێمانی لە رێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، لە کاتژمێر 07:30 بۆ 08:30 جگە لە رۆژانی هەینی قەدەخە بکرێت”.
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: ”لە یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت و لە بازگەکان رێگە بە بارهەڵگرەکان نادرێت بێنە ناو شار”.
بە گوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەم بڕیارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و گرفتی هاتووچۆیە. گوتیشی: ”ئەم کارە لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو هاتووچۆی ناوشاری (رۆژهەڵات و رۆژئاوا) جێبەجێ دەکرێت و بەرامبەر هەر سەرپێچییەک لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت”.
وەکو گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: ”ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن ئەم بڕیارە دەدرێت و تاوەکو پشووی هاوین جێبەجێ دەکرێت”.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات رەچاوی رێژەی خێرایی بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم ناوەندەکانی خوێندن و ئاگاداری منداڵان و پیادەڕەوەکان بن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ”داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکەین کە منداڵ و قوتابی دەگوازنەوە، رەچاوی ژمارەی یاسایی خوێندکاران لەنێو پاسەکانیان بکەن و سەرنشینی زیادە هەڵنەگرن. رێگە بە منداڵان نەدەن بەشێک لە جەستەیان لە پەنجەرەکان بهێننە دەرەوە و لە شوێنی خۆیان دابنیشن. لە کاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەکان ئاستەنگ دروستنەکەن. مەفرەزەکانی هاتووچۆی ناوشار لە کاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکەن”.
زیاتر لە 400 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەزار و 410 قوتابخانەدا دەخوێنن؛ ئەمە جگە لە پەروەردەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.