
شەوی ڕابردوو، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سنووری گەرمیان لەناو باخەکەی لە گوندی ئۆمەربلی کفری کوژرا.
درەنگانی شەوی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی گەرمیان بەخێرایی تەواوی سۆشیاڵ میدیای داگیرکرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری کوژرانی بە دروستیی دیار نییە.
یەکێک لە کوڕەکانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم شێوازی ڕووداوەکە رایگەیاند و باس لەوەدەکات؛ دوێنی باوکم و دوو لە براکانم لە هەولێرەوە گەڕاونەتەوە کفری، دواتر باوکم بەتەنها سەردانی باخەکەمانی کردووە لە گوندی ئۆمەربل و لەوێ کوژراوە.
– ئەو کەسەی باوکمی کوشتووە ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە، ئێمە نە شوانمان هەیە و نە ماڵی عەرەب هەر بۆیە گومانمان لە کەس نییە، گرفتی کۆمەڵایەتییشمان نییە.
عەقید عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامە و بەم زووانە ڕاگەیێنراومان لەسەر ڕووداوەکە دەبێت.