
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: بەغدا بە یەک گوژمە بڕی 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆران خەرج کرد.
پرسی دابەشکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە، دوای وەرگرتنی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت، بابەتەکە ڕەوانەی لیژنە وەزارییە شەش کەسییەکە کراوە کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، ئەوان بۆچوونی خۆیان لەبارەوە دەردەبڕن و بەفەرمی وەڵامی هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان دەدەنەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و پرسی ناردنی مووچەی مانگەکانی دیکەش یەکلا بکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە بڕی 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەگەیەنرێت و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.