
كۆتایی ئەم مانگە، بەشێكی سەرەكیی پرۆژەی ستراتیژیی ئۆتۆبانی بابان ‘شەقامی 100مەتریی سلێمانی’، بەفەرمی بەڕووی هاتووچۆی شۆفێران دەكرێتەوە.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە ئۆتۆبانی بابان ناونراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لەلایەن گرووپی قەیوان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و، بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا و هاتووچۆی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت. درێژیی كۆی شەقامەكە 146 كیلۆمەترە و بەگوێرەی ئەو ڕۆژژمێرەی بۆ تەواوبوونی پرۆژەكە دانراوە، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو شەقامەكە بەتەواوەتی كۆتایی بێت.
ئەو بەشەی ئێستا لە تەواوبووندایە، درێژییەكەی 34 کیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت؛ تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە، درێژیی 26 کیلۆمەتری پرۆژەكە تەواو دەبێت كە لە تاسلوجەوە دەست پێ دەکات تاوەکو ناوچەی قەرەداغ، شەقامەکە حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، یەک ئۆڤەرپاس، 68 ئاوبارەی کۆنکرێتی و پردێک لەخۆدەگرێت.
دلێر كەمال، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمپانیای قەیوان كە لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100مەتریی سلێمانیە، تایبەت ڕایگەیاند، كارەكانی بەشێكی دیكەی شەقامەكە كە درێژییەكەی 26 كیلۆمەترە، تەواوكراوە و بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بەفەرمی بەڕووی هاتووچۆی شۆفێران بكرێتەوە.
دووپاتیشی كردووەتەوە، كۆمپانیای جێبەجێكار، بەرزترین كوالێتی و باشترین كەرەستە لە دروستكردنی شەقامەكە بەكاردەهێنێت بە ڕەچاوكردنی ستانداردی جیهانیی ڕێگاوبان.
ئۆتۆبانی بابان، جگە لەوەی زۆرێک لە کێشە و گرفتەكانی ترافیک و جەنجاڵیی ناوشاری سلێمانی کەم دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئاسانکاریی زۆر بۆ جووڵەی بازرگانی و هاتووچۆی هاونیشتمانیان دەكات و سیمای شاری سلێمانیش جوانتر دەكات



