ته‌ندروستیتوێژینەوەجیهانڕاپۆرت

مردن لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە

توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ دەڵێت: مرۆڤی ئەم سەردەمە 20 ساڵ زیاتر لە مرۆڤی ساڵانی 1950کان دەژی.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ، کە لەلایەن پەیمانگای پێوانەیی تەندروستی و هەڵسەنگاندنی تەندروستیی زانکۆی واشنتن ئامادەکراوە و لە گۆڤاری زانستیی “The Lancet” بڵاوکراوەتەوە، کە خەڵکی 204 وڵات و ناوچەی جیاجیای جیهان توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە، دەرکەوتووە کە رێژەی مردن لەنێو کەسانی بەتەمەن دابەزیوە. بەڵام رێژەی مردن لەنێو گەنجان زیادیکردووە و لە ساڵی 2023دا تەمەنی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهادان 76.3 ساڵ بووە و پیاوانیش 71.5 ساڵ بووە.

توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە، لە ساڵی 2021 هۆکاری سەرەکیی مردن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بووە، بەڵام لە ساڵی 2024 دابەزیوە بۆ پلەی 20ـەمین، هەرچی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشکە هۆکاری سەرەکیی مردن بوون لە جیهاندا.

بەگوێرەی توێژینەوەکەی زانکۆی واشنتنی ئەمریکا، مردن لە سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی گشتی بەهۆی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە دابەزیوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی مردن بەهۆی سورێژە، سکچوون و سیل.

نەخۆشییە نەگوازراوەکان ئێستا نزیکەی دوو لەسەر سێی مردن و نەخۆشی لە جیهاندا پێکدەهێنن. هەرچەندە لە ساڵی 1990ـەوە رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک دابەزیوە، بەڵام رێژەی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە و زەهایمەر زیادیانکردووە.

دکتۆر کریستۆفەر مورای، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پێوانەیی تەندروستی و هەڵسەنگاندنی تەندروستی لە زانکۆی واشنتن، لەوبارەیەوە دەڵێت، “گەشەی خێرای پیربوونی دانیشتووانی جیهان و فراوانبوونی هۆکارەکانی ئەو گەشەیە، مەترسییەکی نوێی بۆ تەندروستیی جیهانی هێناوەتەکایەوە.”

بەگوێرەی توێژینەوە نوێیەکە، نزیکەی نیوەی ئەو نەخۆشییانەی ئێستا لە جیهاندا بەربڵاون، دەتوانرێت رێگرییان  لێبکرێت، کە بەهۆی هۆکاری نوێوە ئەو نەخۆشییانە گەشەیان کردووە.

بۆ نموونە، بەرزیی گوشاری خوێن، جگەرەکێشان، بەرزیی کۆلیسترۆڵ، شەکرە و قەڵەوی لەنێو 10 هۆکاری سەرەکین بۆ گیان لەدەستدان.

هۆکارە ژینگەییەکانی وەک پیسبوونی گەردیلەکان و بەرکەوتنی قوڕقوشم، لە گرنگترین هۆکارەکانی مەترسییەکانی دیکەن، لەگەڵ ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە تەندروستیی تازە لەدایکبووانەوە هەیە، لەوانەش کێشی کەم و ماوەی کەمیی دووگیانیی ئافرەتان.

سەرەڕای ئەوەش، تەندروستیی دەروونییش بە شێوەیەکی بەرچاو رێژەی مردنی زیاد کردووە و بەگوێرەی توێژینەوەکە، سترێس، دیاردەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زۆر زیادیانکردووە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە زیادبوون و پیربووندایە، بەڵام رێژەی مردن لەنێو منداڵان و گەنجان لە هەندێک شوێنی جیهان دا زیادیکردووە.

لەنێو هەرزەکاران و گەنجان، گەورەترین زیادبوونی مردن لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تۆمار کراوە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەدا بووە کە تەمەنیان لە 20 بۆ 39 ساڵییە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەمریکای باکوور.

هەروەها مردن لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان 5 بۆ 19 ساڵە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ناوچەکانی کاریبی، هەرزەکاران و گەنجان لە باشووری بیابانی ئەفریقا بەهۆی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە زیادیکردووە.

لەسەر ئاستی جیهان، کەمیی ئاسن بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 14 ساڵ هۆکاری سەرەکی مردن بووە، دوای ئەویش ئاوی پیس و بەدخۆراکی. بۆ تەمەنی 15 بۆ 49 ساڵ، دوو هۆکاری سەرەکی بریتی بوون؛ لە سێکسکردنی ناسەلامەت و برینداری پیشەیی، دوای ئەوانەش بەرزیی رێژەی چەوریی جەستە و بەرزی فشاری خوێن و جگەرەکێشان.

توێژینەوەکەی زانکۆی واشنتن، ئەوەشی دەریخستووە، بەگشتی تەمەنی مرۆڤ لە ناوچە دەوڵەمەند و سەقامگیرەکان نزیکەی 83 ساڵانە، لە ناوچە هەژارنشینەکانی وەکو ناوچەکانی باشووری ئەفریقا نزیکەی 62 ساڵە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button