کوردستانگرنگهەواڵ

مەسرور بارزانی: بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە.

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی گوتی: پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خۆمان و ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژەیە نایابە کە بێگومان خزمەتێکی زۆری گەلی کوردستان دەکات.

گوتیشی: دوای ساڵێک کە بەڵێنماندا ئەم پرۆژەیە جێبەجێدەکەین، ئێستا لێرەین کە بڵێین بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێکرد، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی بۆ ئابووری کوردستان و پێشخستنی کوردستان دروست کران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرانبەر بەخەڵکی کوردستان و جیهان، کە پێیان بڵێین: ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری بەهێز هەبێت، هیچ شتێک مەحاڵ نییە.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەیە، کە ئێستا دەیبینن، هیوادارم خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی بۆ مەبەستی گەشتوگوزار دێنە ناوچەکە، بکات.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم دووسایدە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر کە لەشاری هەولێر دەستپێدەکات، هەروەها ئەم دووسایدە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، کە ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆی ئەم دەڤەرە دەکات. گوتیشی: ئەم ڕێگەیە ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە.

دەشڵێت: داوا لەهاووڵاتیان دەکەم ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن، کوردستان وڵاتێکی جوانە، ئەم جۆرە پرۆژانەش جوانتری دەکات، بەڵام لەسەرەخۆمانە ئەم جوانییە بە پاکیی و جوانی ڕابگرین، ئاماژەی بەوەشدا، چەندین جار داوام کردووە ژینگە و پاک و خاوینی ئەم وڵاتە بپارێزن، ئەرکی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بەجوانی ڕایبگرین، سەرەڕای ئەم هەموو بانگەوازییە، دەبینین هەندێک کەسی نابەرپرس گوێ بە ژینگە پارێزی نادەن.

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێرم، کە پێویستە ڕێکاریی پێویست بەرانبەر ئەوانە بگرنەبەر کە ڕێز لە خاک و ژینگە و وڵاتی ئێمە ناگرێت، چیتر چاوپۆشیان لێنەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە. 

مەسرور بارزانی گوتیشی: ماستەرپلانێکی گەورە دانراوە کە ئەم شوێنە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ، کە خەڵکی هەولێر و خەڵکی هەموو کوردستان سوودی لێبینن، خەونی ئێمەش ئەوەیە کوردستان بەتێکڕا ببێت بەشوێنێک کە هەم خەڵکی کوردستان و هەم ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن سوودمەند بن.

دەشڵێت: بەرنامەی زۆرمان بۆ کەرتی گەشتیاریی لەم ناوچە و ناوچەکانی دیکەش هەیە، چەندین پرۆژەی دیکەشمان بەدەستەوەیە، ئینشائەڵڵا ئەوانیش بەزووترین کات ئەنجام بدرێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button