کوردستانگرنگ

راگەیاندراوی پارتی لەبارەی گرژیەکانی پردێ

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ بڵاو کردەوە و دەڵێت دوای ڕووداوەکە “ئاگاداری هەڤاڵانی خۆمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێت”.

ڕاگەیێنراوی فەرمی؛ لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، “لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن، شەوی ڕابردوو، ئاگاداری هەڤاڵانی خۆمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێت.

لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز (محەمەد سەنعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت.

داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنە بەر. هاووڵاتیانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. داوا دەکەین، ڕوحی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی.

بژی گیانی بەیەکەوە ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button