
ئەندامێکی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، پارتی بە پێوەری مەزهەب مامەڵە ناکات و ئامانجی حزبەکە پرسە گرنگەکانە، هەروەها پارتی حزبی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە، لایەنەکان ڕێککەوتنی لەگەڵدا دەکەن. گوتیشی: هیچ کاتێک پارتی تواناکانی خۆی بۆ تاکڕەویی بەکار نەهێناوە.
شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: پێش ئەوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێبکات، فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە ئەوە بوو، هەڵمەتێکی ئارام بەڕێوە ببەین و هاووڵاتییان بێزار نەکەین.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، تیگەیشتنی کۆمەڵەگەی کوردی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، زۆر پێشکەوتوو بوو، “ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە و شەڕەپەڕۆ نەماوە”.
لە بارەی هەولێرەوە، دڵشاد شەهاب گوتی: شارەکە گۆڕەپانێكی گەورەی ململانێیە و هی هەمووانە، بەڵام پشتیوانیی گەورەی خەڵكی هەولێر بۆ پارتییە، لە دوایین هەڵبژاردنیش ئەوە سەلمێنرا زۆرینەی دەنگەكانی شارەکە بۆ پارتی بوون.
دەشڵێت: ئێستا پارتی كەشێكی ئارام و ئازادی بۆ هەمووان ڕەخساندووە، پایتەخت بووەتە ناوەندێكی سیاسی، ئابووری و دیموكراسی، ڕوونیش بووەتەوە حوكمڕانی لەدەست كێدا بێت ئەمینە، هەولێر دۆخە سەختەكانی تێپەڕاندووە و پێشكەوتووە، ئەمجارەش چاوەڕاونیمان لە خەڵكی شارەکە هەیە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، هەر لە بارەی هەولێرەوە ئاماژەی بەوە کرد، شارەکە نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووانەی حوکمڕانیی پارتییە، هەروەها لە هەر شوێنێک پارتی باڵادەست بێت ئەو شوێنە ئارام دەبێت، حزبەکە حەز بە ئاڵۆزی و کەشی نائارام ناکات.
جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا ناکات، هەموو پارێزگاکان بۆ پارتی گرنگن و حزبەکە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی حوکمڕانییە.
دڵشاد شەهاب زیاتر گوتی: پارتی بە پێوەری مەزهەب مامەڵە ناکات و ئامانجی حزبەکە پرسە گرنگەکانە، هەروەها پارتی حزبی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە، لایەنەکان ڕێککەوتنی لەگەڵدا دەکەن.
هەر پەیوەست بە ئامانج و پەیامی پارتی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە، ڕوونی کردەوە، پێشمەرجی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە و هەروەها حزبەکە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانە، هیچ کاتێک پارتی تواناکانی خۆی بۆ تاکڕەویی بەکار نەهێناوە.
سەبارەت بە یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دڵشاد شەهاب، دەڵێت: پارتی زۆر قوربانی داوە لە پێناو ئەو یەکڕیزییە، هەروەها ئەم جارەش ئەو یەکڕیزییە لە بەغدا کاتێک بە دەست دێت، کە پارتی دووبارە باڵادەست بێت.



