
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و بڕیاری دا بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان، کاتی کاراکردنی گرێبەستەکە بۆ دوای کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بگۆڕێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی پەیڕەوکردنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بڕیارێکی گرنگی وەزارەتی ناوخۆ بوو بۆ زامنکردنی مافی یاسایی کڕیار و فرۆشیار و سپاردنی ئەرکەکە بە لایەنی پسپۆڕ، بەڵام چەندین سەرپێچی و دیاردەی نەشیاو لەو پرۆسەیەدا دەرکەوتوون.
هۆکاری ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر وەک ڕاگەیێنراوەکە باسی کردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە “هەندێک کەس ئەم هەنگاوەیان بۆ بەرژەوەندیی ماددیی خۆیان قۆستووەتەوە و لەناو کابینە، ئۆتۆمبێل و سەر شەقامەکان بە شێوازێکی ناشارستانی و دوور لە ڕێنماییەکان گرێبەست بۆ هاوڵاتییان ئەنجام دەدەن، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئیستغلالکردنی هاوڵاتییان.”
باسیشی لەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی کەسانی ناشارەزا سەرپەرشتیی ئەو گرێبەستانەیان کردووە، زۆرترین هەڵە لە پڕکردنەوەی زانیارییەکاندا ڕووی داوە. ئەم هەڵانە بوونەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان تووشی گرفتی یاسایی ببن و ناچار بن گرێبەستەکان هەڵبوەشێننەوە و دانەیەکی نوێ ئەنجام بدەن، کە ئەمەش زیانی ماددی و بەفیڕۆدانی کاتی لێکەوتووەتەوە
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە و ڕێگریکردن لەو پشێوییە، هاتووچۆی هەولێر بڕیاری داوە لەمەودوا گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە دوای کاتژمێر (2:00)ی پاشنیوەڕۆوە کارا بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، تەنها سەردانی شوێنە تایبەتمەند و ڕێگەپێدراوەکان و کەسانی شارەزا بکەن، تاوەکو تووشی هەڵە و زیانی ماددی نەبنەوە.



