بەهۆی لافاوێکی لەناکاو 21 هاوڵاتی گیانی لەدەستدا

حکومەتی مەغریب ڕایاگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە 21 کەس لە شاری ئاسفی لە کەناری زەریای ئەتڵەسی گیانیان لەدەستدا، بەهۆی لافاوێکی بەهێز کە دوای بارانبارینی لەناکاو ڕوویدا.
شەپۆلێکی باران و بەفربارین وڵاتی مەغریب بەتایبەتی چیای ئەتڵەسی گرتووەتەوە، دوای حەوت ساڵ لە وشکەساڵی کە بووە هۆی چۆڵبوونی هەندێک لە بەنداوە سەرەکییە ئاوییەکان.
حکومەتی مەغریب ڕایگەیاندووە، شاری ئاسفی کە دەکەوێتە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە باشووری شاری ڕەبات، بەهۆی هەورەبروسکەی تووند و بارانبارینێکی بەخوڕ و لە ماوەی یەک کاتژمێردا لافاوی لێ دروستبووە.
لە ڕاپۆرتێکی حکومەتدا ئاماژە بەوەکراوە 21 کەس گیانیان لەدەستدا، 32 کەس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە و زۆربەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر دەرچوون. هاوکات 70 ماڵ و شوێنی بازرگانی لە شارە کۆنەکەی ئاسفی ژێرئاوکەوتوون و 10 ئۆتۆمبێلیش لافاو بردوونی و بەشێک لە ڕێگاکەش زیانیان بەرکەوتووە و بەهۆیەوە هاتووچۆ پەککەوتووە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی لە مەغریب هۆشداری دا لە بارینی بارانبارینی بەخوڕ هاوکات لەگەڵ دروستبوونی زریان لە ڕۆژی سێشەممە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.



