
شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکارى میللەتى خۆى بێت
رووداوى سروشتییەکانى وەک لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە، ئەگەرچى کارەساتى مرۆیی و ماددى و ژینگەیى و ئابووریى زۆرى لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێتە ئەزموون و هۆکارى هۆشیارکەرەوە، هەروەها هەستى مرۆڤدۆستى و بەهاناوەچوون و ئیدارەدانى قەیران و حوکمڕانى ئەو دەڤەرە وێنا دەکات.
ڕاستە ئەم ڕووداوەی چەند رۆژی رابردووی چەمچەماڵ و تەكێ و ئاشتی، سروشتییە و زیانى گەورەى هەبووە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەى لەو ناوچەیە حوکمڕانى دەکات، بەرپرسى یەکەمە لە ڕێگریکردن لەو جۆرە کارەساتانە، چۆن دەکرێت خۆت بە دەسەڵات بزانیت و لە هەمان کاتیشدا تەنیا لە کاتى لێقەوماندا لە چوارچێوەى دروشم و قسەى گەورەی سەر تى ڤى و كەناڵەكانی دیكە شانۆگەرى و رێکلام بکەیت، لە کاتێکدا خەڵکەکە پێوستى بە دڵنەوایی و هاوکارى و فریاگوزارییە؟
لەوەش خراپتر، هێرشێکى میدیایی چڕ بەرامبەر ئەو ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە بکەیت کە لە یەکەم چڕکەساتى ڕووداوەکە بە نیوەشەو بۆ گەیاندنى کۆمەک و هاوکارى بە فریاى خەڵکەکە چوون؟ بەکارهێنانى ئەو جۆرە رووداوانە بۆ مەرامى سیاسى، ئەوپەڕى نامرۆڤایەتییە، بەتایبەتى لەبەرچاوى پڕفرمێسک و دڵى پڕخەمى خەڵکى چەمچەماڵ کە پایتەختى ئەنفال و شەهیدانە، لەجیاتى سارێژکردنى برینەکانیان، بێیت فرمێسکى تیمساحییان بۆ بڕێژیت.
دەمەوێت بڵێم، خەڵکى کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە و لە کاتى شۆڕش و بەرخودانەکان، بەتایبەتى پارتى و بارزانى، لە هەر ناوچەیەکى کوردستان تووشى هەر جۆرە رووداو و کارەساتێک ببوایە، ئەوا بە فریایان دەکەوتن و لە هەموو ناخۆشى و ڕووداوە دڵتەزێنەکان بەشدارییان دەکرد و کۆمەک و هاوکارییان دەکرد؛ رووداوى لافاو لە چەمچەماڵ لەگەڵ ئەوەى ناخى هەموو کوردێکى ئەم نیشتمانەى هەژاند و خەمباری کردن، بەڵام ئەوەى جێگەى دڵخۆشى بوو، هاوکاریى هەمەلایەنەى جەماوەرى کوردستان بوو توانیى ناخۆشى و خەمى ئەو خەڵکە لێقەوماوە سووکتر بکات و هاوکاریى پێوست و هەمەچەشن لە هەموو لایەکەوە بگەیەنرێتە دەستیان.
جێگەى هەڵوەستەکردنە، ئەو لایەنانەى دوێنێ دروشمى گەورەى خزمەتکردنى خەڵکیان بەرز کردبووەوە و بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ خەڵکى غەزە کۆ کردەوە، دواتریش خۆیان بە شێوەیەک وێنا دەکرد مرۆڤدۆست و خەڵکى وڵاتەکەیان خۆش دەوێت، بەڵام بینیمان نەک هەر نەیانتوانى ئیدارەدانێکى سەرکەوتوویان هەبێ، بەڵکوو پشتیان لە خەڵکى چەمچەماڵ کرد و تەنیا لە شاشەى تیڤییەکان قسەى زلیان لەسەر لافاو و سیستەمى ئاوەڕۆ دەکرد، ئەى بۆچى پێش رووداوەکە نەتانکرد؟
بۆیە، لە کاتى ئەم جۆرە رووداوانەدا ئەوەى خەڵک چاوەڕوان دەکات و دەیەوێت، گەیاندنى خزمەتگوزارى و هاوکارییە بەکردەیی، نەک شانۆگەرى و بە ئۆتۆمبێلى گوللەنەبڕ و پێڵاوى قوڕاوى بۆ نماییشى سەر تیڤییەکان.
بۆیە جارێکى دیكە و لە قۆناغێکى دیكەی سەختى مێژووییدا؛ ئەوەى بووە فریادڕەسی خەڵکى ناوچەیەکى دیکەى کوردستان، تەنیا سەرۆک بارزانى بوو، لە یەکەم چرکەساتى رووداوى لافاوى چەمچەماڵ و کەلار و دەڤەرى گەرمیان، دەزگاى خێرخوازیى بارزانى، دەزگاكانی کوردستان فاوندەیشن و رووانگە و دەزگا تایبەمەندەکانى حکوومەتى کوردستانی راسپارد تا بە فریارى زیانلێکەوتووانەوە بچن، ئەمەش وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى مێژوویی و خزمەتکارییە، وەک گەورەترین شانازى لە کاتێکى هەستیار و نەخوازراودا ببیتە فڕیادڕەس.
ئەوەش سەلمێنەرى ئەو راستییەیە كە لە کاتى رووداو و سەختی و ناخۆشییەکاندا کێ لە خەمى کورد و کوردستاندایە و چ کەس و لایەنێکیش بەدواى قسەى زل و دروشمەوەیە و تەنیا برین و ئازارى خەڵک قووڵتر دەکات و ئەوەى بیرى لێ ناکانەوە خزمەتکردنى خەڵکى کوردستانە و چێژ لە ئازارى خەڵکى لێقەوماو وەردەگرێ.
ڕێبازى بارزانى و پارتى، خاوەن گەورەترین و جوانترین کولتوورە، ئەویش خزمەتکارییە بۆ گەل و نیشتمان، لاپەڕەکانى مێژوو نەک تەنیا لە باشوورى کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستى هەموو بەشەکانى دیکەش بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن. هەروەها هەمیشە وەک چیایەکى سەرکەش لە هەر شوێنێک کوردێک تووشى رووداو و لێقەومانێک بووبێتەوە، ئەوا پێشمەرگە و خزمەتکارانى ئەم قوتابخانە و ڕێبازە ئامادەن؛ ئەوەتا شار و لادێى ئەم کوردستانە نەماوە خێوەت و ڕەشماڵێکى لێ هەڵندەرێت بۆ کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ برا و خوشکەکانیان لە دەڤەرى چەمچەماڵ و گەرمیان، ئەوەش وەک ئەرک و بەرپرسیارێتیى کوردانە و مرۆڤانە، نەک وەک سیاسەت، هەندێک لایەن لە رابردوودا بە فرمێسکى تیمساحانە بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ غەزە کۆ کردەوە و ئێستا لەگەڵ لایەنە نائۆپۆزسیۆنەکانى دیكە سەروچاویان شۆڕ کردووە و تەنیا درۆ و چەواشەکارى لەسەر تیڤییەکانیان بۆ خەڵک دەچڕن.
هەنگاوە ستراتیژى و گرنگەکانى دەزگاى خێرخوازىی بارزانی، کوردستان فاوندەنیش و دەزگاکانى دیکە، لە هەر شوێنکى ئەم کوردستان و پێش رووداوى لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە پێوستیان بە کارێکى خێرخوازى و پرۆژەیەک بووبێت، ئەوە بەوپەڕى تواناوە پشتیوانیى خەڵکى کوردستان و هەموو چین و توێژەکانیان کردووە، دوور لە هەموو بیروباوەڕێکى سیاسى و حزبى، تەنیا کوردستانییانە و کوردانە و مێژووش سەلمێنەرى ئەو راستییانە و دەربازکردنى سنوورە دەستکردەکان بۆ رۆژئاوا و باکوورى کوردستانیش ئاماژەیەکى روونن.
بۆیە، زۆر گرنگە و ببێتە ئەزموونێکى باش، هەموو هێز و لایەنەکان لە کاتى ڕوودانى ئەو جۆرە کارەساتانە، هەڵوێستى کوردانە و نیشتمانپەوەرانە و مرۆڤدۆستانەیان ڕێکبخەن و وەک هێز لە خزمەتى خەڵکى نیشتمانەکەیاندا بن و هەرچییان لەدەست دێت، دوور لە کارى سیاسى و جیاوازییەکان، خزمەتى خەڵک بکەن، چونکە لەو کاتانەدا تەنیا کردەوە و خزمەتکردن گرنگە نەک دروشم.
لە رۆژانى سەخت و کارەساتباریشدا پێوستە هەموان ئەم ئامۆژگارییەى رێبەری مەزن مستەفا بارزانى، باوکى ڕۆحیى نەتەوەى کوردمان لەبیر بێت کە فەرموویەتى (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکارى میللەتى خۆى بێت)، ئەمڕۆش خزمەتکردنى خەڵکى دەڤەرى گەرمیان و چەمچەماڵ وەک پایتەختى ئەنفال و شەهیدان، گەورەترین سەربەزى و شانازییە و لاپەڕەکانى مێژوو ئەم هەنگاوەى کوردستانییان لەبیر ناکات.
رێبوار حەمەلاو شوانی



