وتار

چوار مانگ دوای لالەزار

کە باسی سوتانی شوێن و شارێک کرا، یەکسەر باسی ڕێکاری دژەتیرۆری تێبکە. پاشماوەی فیشەک و درۆن بە تەلارسازیی سەرچنارەوە بخەرە بەر باس. هوتێلەکەی سلێمانی، لالەزار..

کە وتیان سلێمانی چۆنە، باسی تانک و زرێپۆشی سەر شەقامەکان بکە. کە باسی داعـ.ـش کرا، ئەللاهو ئەکبەری هەکارییەکەی نادییەکانی شارت بێتە گوێ. لە هەموو مەجلیسێک، لە بازاڕ و لە کاتی ئیسراحەت، باسی جنێودان بە دیلەکان بکە! باسی ڕووتکردنەوە و لێدانیان، کورە باسی تاڵانکردنی قاسەی هوتێلەکە و پەکخستنی یانەی نەورۆز..

ئەوان هەمیشە لەکاتی نزیکبوونەوە لە رۆژی ڕووداوەکەی لالەزار لە (٢١ و ٢٢)ـی هەر مانگێک، ڕووداوێک دەخوڵقێن و زەقی دەکەنەوە! ڕەفتار و ڕووداوێکی دەستکرد پەخش دەکەن، تا هزر و بیری هاوڵاتیان لەسەر گەنجکوژییەکەی لالەزار لادەدەن.

سەرەکیترین مافی مرۆڤ، بریتیە لە دەربڕینی ڕا بەشێوەیەکی ئازادانە، بەبێ پێشێل کردنی مافی کەسێکی دیکە. تۆش ئەو مافەت پراکتیزە بکە، هەر وتیان تۆ ئازادیت، یەکسەر بە ئازادی باسی خوێن و کوشتاری لالەزار بکە.

میدیا و میدیاکارانی سەر بەولا، کە نەیانتوانیووە چاوی بینەر کوێربکەن، نابیستیان بکەن، نەیانتوانیووە ڕاستیەکان بشێوێنن، بزری بکەن. هەوڵدەدەن کەسانێک دروست بکەن کە توانایان نەبێت قسە لەسەر ڕابردوو بکەن، (لاڵەزار)ـیان دەکەن. دەیانەوێت تەنها ئەوانە قسە بکەن کە دژی ئەم ئاوەدانی و نۆژەنگەراییەن!

لە هوتێل لالەزار، کارەساتێک ڕوویداوە..
مەهێڵن رۆژێک و سەردەمێک بڕوات کە لە یادت نەبێت، ڵاڵ مەبن، بێ کردار مەبن. نابێت ئەو چەکدارەت لەبیربچێت کە دەڵێت، “با دانەیەکیان بکوژم”.

تاوانبارێک کە تاوانێک دەکات جگە لە زەرەرگەیاندن بە شوێن و کەسەکە، هزر و بیرکردنەوەمان ئازار دەدات، چاو و گوێی خەڵکی ئاسایی ماندوو دەکات. لای من وایە، نابێت تۆمەتبار هەر چی کردوە، هەمان شتی لێبکرێتەوە، من دەڵێم، با زیاتری بەرامبەر بکرێت، مافی هەموو ئەوانەشی لێوەرگیرێتەوە کە کاریگەریان بە تاوانەکە هەبووە.

محەمەد ڕەفیق کوردی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button