
ئالدریچ ئەیمس، ئەو سیخوڕە دوو سەرەیەی کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەسایەتییەکانی مێژووی هەواڵگریی ئەمریکا دادەنرێت، دوای سێ دەیە مانەوە لە پشت شیشی زیندانەکانەوە، کۆتایی بە ژیانی هات. ئەیمس کە بەرپرس بوو لە ئاشکراکردنی ناسنامەی دەیان سیخوڕ و شکستپێهێنانی سەدان ئۆپەراسیۆن، ئێوارەی دوێنێ لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە زیندان کۆچی دوایی کرد.
سی ساڵ لەنێوان خزمەت و خیانەتدا
ئەیمس بۆ ماوەی 30 ساڵ وەک ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کاری دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا نهێنییە هەرە مەترسیدارەکانی وڵاتەکەی دەدایە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. ناوبراو لە ساڵی 1994 بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و فرۆشتنی زانیاری بە بەهای 2.5 ملیۆن دۆلار بە مۆسکۆ دەستگیرکرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. بەگوێرەی دانپێدانانەکانی، لە نیسانی 1994ـدا دانی بەوەدا نا کە ناسنامەی زیاتر لە 30 سیخوڕی ڕۆژئاوایی دزەپێکردووە و لە فایلەکانی هەواڵگریی سۆڤیەتدا بە کۆدی نهێنیی “کۆلۆکۆل” ناسرابوو.
خوێن لەسەر دەستەکانی ئەیمس
خیانەتەکانی ئەیمس تەنها زیانی ماددی و زانیاری نەبوو، بەڵکو باجەکەی خوێن بوو. بەهۆی زانیارییەکانی ئەوەوە، لانی کەم 10 سیخوڕی ڕۆژئاوایی کە بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا کاریان دەکرد، کوژران و لەسێدارەدران. یەکێک لە دیارترین قوربانییەکان، جەنەڕاڵ دمیتری پۆلیاکۆڤ بوو، فەرماندەیەکی باڵای هەواڵگریی سۆڤیەت کە بۆ ماوەی دوو دەیە زانیاریی هەستیاری دەدایە واشنتن، بەڵام بەهۆی ئەیمسەوە ئاشکرا بوو و لەسێدارەدرا. هەروەها ئەیمس بووە هۆی ئاشکرابوونی ناسنامەی “کیم فلیپی”، سیخوڕە بەناوبانگەکەی بەریتانیا کە لە ساڵانی شەستەکاندا کاری بۆ سۆڤیەت دەکرد.
چیرۆکی دەربازبوونی گۆدیڤیسکی
یەکێک لەو چیرۆکانەی بەستراوەتەوە بە خیانەتەکانی ئەیمسەوە، چیرۆکی ئۆلیگ گۆدیڤیسکییە. ئەو سیخوڕە دوو سەرەیە کە سەرۆکایەتیی لقی “KGB”ی لە لەندەن دەکرد و لە ژێرەوە هاوکاریی دەزگای “MI6″ی بەریتانیای دەکرد، لەناکاو لە مۆسکۆ بێهۆش دەکرێت و دەخرێتە ژێر لێپرسینەوەوە. گۆدیڤیسکی دوای ئەوەی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە ڕێگەی سندوقی ئۆتۆمبێلەوە لەلایەن بەریتانییەکانەوە ڕزگار دەکرێت، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوە بوو کە “کێ ئاشکرای کردووە؟”، تا ساڵی 1994 و دوای دەستگیرکردنی ئەیمس، وەڵامەکەی دەستکەوت.
پاڵنەرەکان؛ پارە و ژیانی شاهانە
سەرەڕای ئەوەی باوکی شیکەرەوەی هەواڵگری بوو لە CIA و ڕێگەی بۆ خۆشکردبوو، بەڵام ئەیمس ڕێچکەیەکی پێچەوانەی گرت. دوای جیابوونەوەی لە هاوسەری یەکەم و هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ژنێک بەناوی ڕۆزاریۆ، تووشی قەیرانی دارایی بوو.
لە نیسانی 1985، ئەیمس چووە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە واشنتن و لەبەرامبەر 50 هەزار دۆلاردا دەستی بە فرۆشتنی نهێنییەکان کرد. داهاتە خیانەتکارییەکەی گەیشتە 2.5 ملیۆن دۆلار، کە بەهۆیەوە ژیانێکی شاهانەی دەژیا؛ کڕینی خانوو بە 540 هەزار دۆلار، ئۆتۆمبێلی جاکوار و نۆژەنکردنەوەی گرانبەها، لەکاتێکدا مووچەی ساڵانەی تەنیا 70 هەزار دۆلار بوو. هەر ئەم خەرجییە زۆرانەش بوونە سەرەتایەک بۆ گومانلێکردنی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) و دواجار دەستگیرکردنی.



